تەعریب نییە، گەلۆ، بە بیلا تەعریب نییە
7/22/2026 11:24:00 AM
د.شێرکۆ کرمانج
ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان قسەی زۆر
لەسەر "قۆناغێکی نوێ لە تەعریب" دەکرێت. زاراوەی تەعریب بەکار دێت بۆ ئەم
قۆناغە. ئەم پرس و دیاردەیە، هەقوایە توێژینەوەی زۆر و ماستەرنامە و دکتۆرای لەسەر
ئەنجام بدرێت و قسەی زۆر هەڵدەگریت، بەڵام ئەمن لێرە زۆر بەکورتی ئاوڕێک لەو پرسە
دەدەمەوە چونکە هەڵە تێگەیشتنێکی گەورە هەیە.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەتی
لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ناکرێت و نابێت وەک تەعریب تەماشا بکرێت و ناوی تەعریبی بەسەردا
بسەپێنرێت چونکە تەعریب سیاسەتێکی سیستەماتیکی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی
عێراق بووە، کە لەسەردەمی مەلەکی دەستی پێ کردووە و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام
حوسێن گەیشتۆتە ترۆپ. تەعریب سیاسەتێکە کە دەوڵەتی عێراقی پلانی بۆ داناوە و دایڕشتووە
و و جێبەجێی کردووە و دەیکات، مەبەست لێی
گۆڕینی دیموگرافی باشووری کوردستان بووە، ئەویش بە دەرپەڕاندنی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی
کوردستان و نیشتەجێ کردنی عەرەب لە جێگەیان. ئەمە تەعریبە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێم
ڕوودەدات، ئەمە نییە.
ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات لە بیست ساڵی
ڕابردوودا، "بەعەرەببوون" و "خۆبەعەرەبکردنە"، کە پێنج ساڵ دەبێت
باسی ئەو شتە دەکەم. جیاوازییەکان زۆرن بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: لەکاتێکدا
کە تەعریب لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقییە، بەعەرەببوون لە ئاکام
و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمە، کە زۆر هۆکاری لە پشتە، بەڵام لە هەموویان
سەرەکیتر سیاسەتی خۆدەوڵەمەندکردنی خێرای کۆمەڵێک سەرمایەداری حیزبی و دەسەڵاتدار
و چەند کەسێکی نزیک لە حیزبە باڵادەستەکانی هەرێم بووە. ئەویش بە فرۆشتنی خانووبەرە
بەبێ هیچ بیرکردنەوە و پلان و سیاسەتێک، قازانجی خێرا و نابەرپرسانە نەبێت.
لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا خەڵکێکی زۆر لە
باشوور و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە کوردستان. من ناوم لەوە ناوە "بەعەرەببوون"،
واتە دیاردەیەک کە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەدی "خۆبەعەرەبکردن" چییە؟
لە ڕاستیدا، "خۆبەعەرەبکردن" کردار و ڕەفتاری خەڵکی سادە و بازاڕی
کوردستانە. لێرە مەبەستم هەڵسوکەوتی خەڵکی سادەی هەرێمە چ کڕیار بن، چ فرۆشیار.
با وردتر قسە بکەین. لە ئاکامی هاتنی خەڵکێکی
زۆر بۆ هەرێمی کوردستان، بەکاربەرێکی زۆر عەرەب لە بازاڕەکانی کوردستان دا هاموشۆی
دوکان و چێشتخانە و مارکێتەکانی کوردستان دەکەن. خاوەنی ئەو بیزنسانەش بۆ سەرنجڕاکێشانی
بەکاربەر و کڕیارە عەرەبەکان خۆیان فێری عەرەبی دەکەن، یان کارمەندی عەرەبی لە بیزنسنەکانیان
دادەمەزرێنن. ئەمەش وای کردووە، کاتێک کڕیارێکی عەرەب دەچێتە بازاڕ ئەوە خاوەن
دوکانەکە بە عەرەبی قسە لەگەڵ کڕیارەکە/بەکاربەرەکە بکات.
لە هەمان کاتدا، بەشێکی زۆر لەو عەرەبە
نیشتەجێیانەی کوردستان بیزنسیان کردۆتەوە لە کوردستان، واتە دوکان و چێشتخانە یان
نمایشگەیان داناوە، کاتێکیش کوردێک دەچێتە لای ئەمانە وەک بەکاربەر یان کڕیار، دیسانە
ئەوان بە عەرەبی لەگەڵ کوردە بەکاربەر و کڕیارەکە دەکەن. بە واتایەکی دیکە، کورد ئێستا
لە هەرێمی کوردستان، بەکاربەر بێت، کڕیار بێت یان فرۆشیار، ئەوە دەبێت بە عەرەبی
قسە بکات. ئەمەش من ناوم ناوە: "خۆبەعەرەبکردن".
بەکورتی، "بەعەرەببوون" دەرئەنجامی
سیاسەتی سەقەت و بێپلانی حکومەتی هەرێمە کە هاتنی عەرەبێکی زۆری لێکەوتۆتەوە و دیاردەی
"بەعەرەبوونی" بەرهەمهێناوە. بەعەرەبوونی هەرێمیش وای کردووە کە خەڵکی هەرێم
لە کوردستان لەبری کوردی لە بازاڕ و مۆڵەکان و دوکانەکاندا زمانی عەرەبی بەکاربێنن،
ئەمەش "خۆبەعەرەکردنی" لێکەوتۆتەوە.
بۆیە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات
تەعریب نییە و دەوڵەتی عێراق لێی بەرپرس نییە، بەڵکوو خەتای حکوومەتی هەرێمە، لەبری
"تەعریب" دەبێت وەک "بەعەرەببوون" و "خۆبەعەرەبکردن"
ناوزەد بکرێن.