پەرلەمانی فەرەنسا بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵ قەدەغەکرد
12:16 - 22/07/2026
زەمەن - هەواڵ
پەرلەمانی فەرەنسا بە
زۆرینەی دەنگی 279 پەرلەمانتار بەرامبەر بە 81 دەنگی نەخێر، پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵ پەسەند کرد. ئەم بڕیارە یەکێک بوو
لە بەڵێنەکانی ئیمانوێل ماکرۆن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا و بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی
داهاتووەوە یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یاسا نوێیەکە تەنیا بۆ
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە، بەڵکو بەکارهێنانی مۆبایل لە ناو باڵەخانەی قوتابخانە
سەرەتایی و ناوەندییەکانیش قەدەغە دەکات. ئەم ڕێوشوێنە وەک هەنگاوێک بۆ دوورخستنەوەی
مێردمنداڵان لە ئاڵوودەبوون بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی ژینگەی خوێندن لە
پشێوی هەژمار دەکرێت.
بەپێی یاساکە، سەرجەم
پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی سیستمێکی وردی پشتڕاستکردنەوەی
تەمەن (Age
Verification). هەرچەندە ئەم
خاڵە مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە تەکنەلۆژییەکان دروست کردووە، بەڵام حکومەتی فەرەنسا
سوورە لەسەر ئەوەی پلاتفۆرمەکان بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵبگرن لە ئەگەری ڕێگەدان بە
منداڵانی خوار 15 ساڵ بۆ دروستکردنی هەژمار.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی
فەرەنسا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێستادا پێشەنگایەتی ئەورووپا
دەکات لە پرسی پاراستنی منداڵ و مێردمنداڵان لە مەترسییەکانی جیهانی ئینتەرنێت.
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ گەرەنتی کردنی سەلامەتیی نەوەی
نوێ و بەڵێنیدا لەسەر ئەم ڕێڕەوە یاساییە بەردەوام بن.