کوێستان محەممەد: کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەبێتە 500 هەزار دینار
03:17 - 24/06/2026
زەمەن - هەواڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی
هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕیاریدا مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت هاوتا
بکات لەگەڵ کەرتی گشتی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دڵنیایی زیاتری کرێکاران لە داهاتووی
داراییان.
دوای کۆبوونەوەی
ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و
کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشكرایكرد كە هەنگاوی بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینی کەرتی
تایبەت پەسەندکرا. بەگوێرەی بڕیارەکە، کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی
تایبەت کرا بە 500 هەزار دینار، لەکاتێکدا پێشتر ئەم مووچەیە لە 150 هەزار دینارەوە
دەستی پێ دەکرد.
وەزیری کار و
کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو کرێکارێک دەستەبەری کۆمەڵایەتی
هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەم بڕیارە سوودمەند بێت و مووچەکەی ببێتە 500 هەزار دینار.
ئەو بڕە پارە زیادکراوەش لە خەزێنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران
دابین دەکرێت. ئامارەکان نیشانی دەدەن تاوەکو ئێستا زیاتر لە 319,000 کرێکار لە هەرێمی
کوردستان دەستەبەر کراون.
بەپێی ڕێنماییەکانی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەو کرێکارانەی لە سیستمی دەستەبەریدا
تۆمار دەکرێن، جگە لە مووچەی خانەنشینی، چەندین ئیمتیازی دیکەیان دەبێت. ئەمانە
پاداشتی کۆتایی کار و بیمەی تەندروستی لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشی یان پێکان دەگرێتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم چاکسازییە ئەوەیە کە کرێکارانی کەرتی تایبەت هاوشێوەی فەرمانبەرانی
حکومەت لە ژیان و داهاتووی خۆیان دڵنیا بن.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات
کە ئەم بڕیارە پاڵپشت بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2012ی پەرلەمانی کوردستان دراوە. بەپێی
یاساکە، نابێت مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت لە کەمترین مووچەی خانەنشینی
فەرمانبەرانی حکومەت کەمتر بێت. بەو پێیەی بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق
کەمترین مووچە 500 هەزار دینارە، هەرێمی کوردستانیش ئەم بڕەی وەک بنەما بۆ مووچەی
کرێکاران جێگیر کرد