11وتار

گفتوگۆیەک لەگەڵ کاکە ڕێبوار سیوەیلی

7/23/2026 1:20:00 PM
ڕێبین هەردی

لەناو هەموو ئەو پەرچە کردارانەی بۆ وتاری "ئایا مەترسی تەعریب کردن هەیە" وەڵامەکەی کاکە ڕێبوار سیوەیلی لە هەمویان زیاتر جێگەی سەرنجم بوون و لەبەرئەوەی بڕیکی زۆر لە لۆژیک و ڕەخنەی زانستی دوور لە زمانی زبر و سوکایەتی تێدایە، بەڕاستم زانی گفتوگیەک لەگەل بۆچونەکانیدا بکەم.

بەڵام پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکەوە بە پێویستی دەزانم بڵێم نووسین و قسەکردن لای من بەرپرسیارێتتیەکی گەورەیە کە دەبێت ئاسان نەبێت و سڵکردنەوەمان لە وتنی هەندێک شت هەبێت کە سەلمێنراو نیە. ئەم قسەیە بۆ هیچ ڕاست نەبێت بۆ هێنانە پێشێی مەسەلەی تەعریب زۆر ڕاستە. چونکە کاتێک ئێمە هاتنی عەرەبەکان بۆ کوردستان و نیشتەجێبوونی هەندێکیان بە پرۆسەی تەعریب ناودەبەین، لەڕاستیدا زەمینەمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بە هەستێکی ناخۆش و نیگەرانیەوە تەماشای هاتنی عەرەب بکەین و وەک ناحەزێکی نەخوازراو تەماشا و مامەڵەی بکەین. کە تۆ هاتنی کۆمەڵیک گروپت وا لێکدایەوە هاتوون زمانت لەناوبەرن، دەبێت چەند دوژمنکارانە و ناحەزانە سەیریان بکەیت (وەک ئێستا هەندێک کەس وا تەماشایان دەکەن)، چۆن ئەم قسانە وایان لێدەکات لەبری ئەوەی میوانداری بکەن و میهرەبان بن لەگەڵیاندا، وەک دوژمن بیان بینن و مامەڵەی زۆر خراپیان بکەن (وەک هەندێک کەس بەڕاستی وا دەکەن). لەڕاستیدا ئەوانەی باس لە تەعریب دەکەن بە ویست یان ناویست زەمینەی ڕق و کینەیەک دروست دەکەن بەرامبەر بینینی هەر عەرەبێک کە دەشێت ئەوەی لە خەیاڵیدا نەبێت تەعریبکردن و گۆرینی دیموگرافی کوردستان بێت. گۆڕینی دیمۆگرافی شتێکی وا ئاسان و سادە نیە بەهاتنی چەند گروپێک کە زۆرینەی زۆریان بەمەبەستی گەشتیاری دێن نەک مانەوەی هەمیشەیی، دروست ببێت. لەبەرئەوە لەراستیدا من دەبێت تکا لەو هاوڕێیانە بکەم کە باسی تەعریب دەکەن، وردبین تر بن و هەروا بە ئاسانی باسی نەکەن و نەبنە هۆی چاندنی ڕق و کینەیەک کە دواشتە کورد پیویستی پێی بێت. بەتایبەتی کە ئەم ترسە هیچ پێدراوێکی واقعی نەیسەلمینیت و نەبێت. 

ئێستا هەوڵ دەدەم خاڵ بە خاڵ تێبینیەکانی کاکە ڕێبوار سیوەیلی وەڵام بدەمەوە: 

 ١) خالی یەکەم کاکە ڕێبوار بروای وایە من کەوتومەتە هەڵەوە بۆ پێناسەکردنی تەعریب. لەکاتێکدا بە بروای من بەڕێزیان کەوتوتە هەڵەوە بەتێکەڵکردنی پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافی بەزەبر و گۆڕیتنی دیموگرافی سروشتی. تەعریب بە کوردیەکەی بە عەرەبیکردنە،، هەر وشەکە خۆی واتە بە زۆرکردن، شوینێک عەرەب نیە بەڵام بە عەرەبی دەکەیت، لەم پرۆسەیەدا بەزۆرکردن هەیە، مەبەست و ئامانجێک هەیە کە گەڵێک بە مەبەست و بەئامانجیکی دیاریکراو جێگەیەک دەکات بەهی خۆی. مێژووی ئەم ووشەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەشدا ڕێک بۆ ئەو ناوچانە بەکارهێنرا کە کورد بوون و بە زۆر و بەبەرنامە کوردیان لێ کەمکرایەوە و عەرەبیان لەبری نیشتەجێکرد، وەک کەرکوک و زۆرێک لەناوچە جێ ناکۆکەکان. پرۆسەی تەعریب هەر بەزۆر زیادکردنی عەرەبەکانیش نەبوو، بەڵکو لەگەڵیدا دەستکاری سنووری پارێزگاکە بەجۆرێک کرا کە بە قازانجی زۆرینەی عەرەب و کەمینەی کورد بێت. لەوانە چەمچەماڵ کە بەشێک بوو لە پارێزگای کەرکوک و هەموو دانێشتوانی کوردن، لە سنوری پارێززگای کەرکوکەوە خرایە سەر پارێزگای سلیمانی تەنیا لەبەرئەوەی ژمارەی کوردەکان لەپارێزگاکەدا کەمبکرێتەوە. تەعریب بریتیە لە گۆڕینی دیموگرافی ناوچەیەک بە زۆر..،نەک گۆڕینی دیموگرافی بە شێوەیەکی سروشتی. گۆڕینی دیموگرافی سروشتی گەلیک هۆی هەیە کە کاکە ڕیبورار هەندێکی بە وردی دەستنشێان کردووە: مەسەلەی ئابوری و بازاڕ ، مەسەلەی ئاسایش و ئارامی. چونکە هەستدەکەم بەشێک لەوەی عەرەبەکان ڕوو لە هەرێم دەکەن مەسەلەی ئابوریەو بەشەکەی تری مەسەلەی ئارامی و ئاسایشی ناو هەرێمە. لەعێراقدا کە ئێستاشی لەسەر بێت هێشتا بەتەواوی لە شەڕی مەزهەبی و ڕق و کینەی سونە و شیعە پاک نەبۆتەوە، هەرێم وەک دورگەیەکی ئارام دەردەکەوێت کە دووەرە لەم ناکۆکیە مەزهەبیەوە. 

کاکە ڕێبوار بڕوای وایە ئەم کۆچ و هاتنەش چەند هۆکاری ئابووری، ئارامی لەپشت بێت و دەوڵەتیکیتش بە بەرنامە و بە دەزگا سەرکوتکەرەکانی نەچێتە خزمەتیەوە، لە دوور مەودادا هەر دەبێتە هۆی تەعریب. چونکە بە بڕوای کاکە ڕێبوار (لێرەدا دەقی قسەکانی بەڕێزیان دەهێنمەوە) تەعریب هەر تێکدانی هاوسەنگی ژمارەی دانێشتوان نیە، بەڵکو لەگەڵیدا "هاتنى کولتوور، زمان و باوەڕى نەتەوەی سەردەستەیشە بە باکگراوندێکى مێژوویی داگیرکارانەوە، کە دەبێتە هۆی پاشەکشێی زمانی خۆماڵی لە ناوەندەکانی بازاڕ و ژیانی گشتیدا". لەڕاستیدا ئەم ڕستەیە دەتوانێت دەربڕی ترسی هەموو ئەوانە بێت کە لەگەڵ هاتنی عەرەبەکاندا بۆ ئێرە کێشەیان هەیە، ترس لە پاشەکشێی زمانی کوردی لەبەرامبەر زمانی عەرەبیدا، زاڵبوونی کلتووری عەرەبی بەسەر کوردیدا. ڕێک ئەمەش ئەو خاڵەیە کە هاوڕای نیم. کاکە ڕێبوار گلەیی ئەوەی لیکردووم کە قسە و نوسینەکانی من بەپیی داتا و ئاماری فەرمی نین، بەڵام من دەتوانم هەمان گلەی لە نوسینەکەی بەڕێزیان بکەم و بڵیم ئەم قسانە بێ داتا و ئاماری ڕاستەقینەن و تەنها ترسێکی سایکۆلۆجین کە پشتی بەهیچ پێدراوێک نەبەستووە، بەڵام بۆ ئەوەی کاکە ڕێبوار ئەمجارە گلەیم لی نەکات با بە ئامار قسە بکەین: بەپێی دوا ئاماری سەرژمێری عێراق لەناو هەرێمی کوردستاندا شەش و نیوملیۆن کەس زیاتر دەژین، لەناو هەرێمیکی دانپیانراودا کە حکومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە و زمانەکەی دان پیانراوە، نزیک حەوت هەزار قوتابخانەی کوردی لە کوردستاندا هەیە کە بەزمانی کوردی دەخوێنن. پتر لە ٤٠ تا ٥٠ کەناڵی تەلەفیزێۆنی کوردی ئاسمانی و زەمینی هەیە، کەئێستا زەمینیەکانیش بەهۆی سیستەمی iptvوە ئاسمانی و گەردونین و لەهەموو شوینێکی دنیا وەردەگیرێن. (باسی پێگە ئەلەکتورنیەکان ناکەم کە لە ژمارە نایەن). ترس لەوەی ئەم زمان و کلتوورە بە هاتنی چەند هەزار یان سەد هەزار عەرەبێک لەناو دەچێت، بەترسێکی نالۆژیکی دەزانم. بگرە یەكێک لە کێشەکانی ئێمە ئەوەیە برێکی یەکجار زۆرمان عەرەبی نازانین. کێشەی نەزانینی زمانی دی هەر لە بەشە نەخوێندەوارەکەشدا نیە، بەڵکو بگرە ئێمە ئەندام پەرلەمان و پۆستی باڵامان هەیە کە زمانی دی نازانێت بەتایبەتی عەرەبی. زۆرجاریش لەکاتی هەڵبژاردندا و لەناو خەڵکدا کەناوی کاندیدەکان بۆ پەرلەمانی بەغدا دێت، یەکەم تێبینی گوێت لێ دەبێت: باشە خۆ ئەمانە عەرەبی نازانن، چۆن لەوێ داکۆکیمان لێدەکەن". ئەمە جگە لەوەی زمان و کلتوری ئیمە لەم سەردەمەدا دیجیتاڵیە. خۆ گەر سەردەمیک بەڕاستی ئەم ترسە هەقیقی بوو بێت، ئەوا لەم سەردەمی دیجیتاڵی و ئینتەرنێتەدا گەر مەحاڵ نەبێت، ئەوا یەکجار ئەستەمە. فەرهەنگی کوردی لەناو دنیای دیجیتاڵدا بۆ هەمیشە پارێزراوە و هیچ ترسێک بۆ نەمانی نیە. لە سەردەمی پێش راپەڕین هەموو نەوەی من لە قوتابخانەکانی عێراقدا دەماخوێند ، کە زیاتر لە ٤ بۆ ٥ وانەی عەرەبی بوو، کە گەیشتینە زانکۆ و پەیمانگاکان هەر کوردی نەما و وانەکان یان عەرەبی یان ئینگلیزی بوو، بەشیکی زۆر لە خوێندکارانی ئێمە لە بەشە ناوخۆیەکاندا لەگەڵ عەرەبەکان دەژیان، کەچی لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا برێکی یەکجار کەمیان فێری عەرەبی بوون، چ بگات بەوەی زمانی خۆیان بیرچێتەوە. لەدوای ڕاپەڕینەوە هەموو وانەکان بوونەوە بە کوردی و تەنیا یەک وانەی عەرەبی هەیە. کەچی ئێستا پێم سەیرە بەهاتنی چەند هەزار (بڵێ چەند سەد هەزار) عەرەب بۆ ناو پاڕیزگاکانی هەرێم زمانی کوردی پاشەکشێ دەکات و زمانی عەرەبی زاڵ دەبێت!!. هەرێمێک ٦ملێۆن و نیو زیاتری تیا دەژی، ئەو هەموو قوتابخانە کوردی و کەناڵی کوردی و ئەو هەموو پێگە ئەلەکترۆنیانەی هەیە، چۆن بە هاتنی چەند هەزار تان تەنانەت چەند سەد هەزار پاشەکشێ دەکات؟ 

کاکە ڕێبوار دەڵیت خەریکە زمانی بازاڕ بە عەرەبی دەبێت، و ئەمەش ئاماژەی سەرەتای تەعریبە. بەڵام  کاکە ڕیبوار لەمن باشتر دەزانێت لوژیکی زاڵ باسەر بازاڕدا بیرۆکەی کرین و فرۆشتنە..کریارێکی عەرەبی کە دەچیت شت بکڕێت، و دوکاندارێکی کوردیش کە دەیەوێت کاڵاکەی بفرۆشێت، بێگومان فرۆشیارەکە هەوڵدەدات سەرنجی کڕیارەکە ڕاکێشێت و بەزمانیکی شکستەش بێت، کاڵاکەی پی بفرۆشێت. بەزیادەرەویەکی زیاد لە سنووری دەزانم ئەم دۆخە بە نزیکبوونەوەی تەعریب لێک بدرێتەوە. 
٢) کاکە ڕێبوار گلەی ئەوەم لیدەکات کە من مافی تاکەکەسی و مافی نەتەوەیم تێکەڵ کردووە، ئەوەی کەهەموو هاوڵاتیەکی عێراقی مافی کڕینی خانوو و زەوی لەهەموو عێراقدا هەیە، نابێت وامان لیبکات ڕازی بین ئەم حاڵەتە بێ سنوردارکردن بێت، بەس کاکە ڕێبواری ئازیز من نەمگووتوە بی سنوور بێت و لەبنەڕەتدا هەرلەناو دەستوری عێراقدا ئەوە جێگیر کراوە کە ڕێگە بە نیشتەجیبوونێک نادرێت کە ببیتە هۆی گۆرینی دیموگرافی ناوچەیەک. لەمادەی (٢٣) برگەی سێهەم و لەکاتیکدا باسی مافی نیشتەجێبوونی هەموو عێراقیەکە دەکات لە بڕگەی (ب) دا بە ڕوونی هاتووە : "خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دانیشتوان قەدەغەیە". 

کێشەکەش لێرەوە دەست پێدەکات.بەشێکی زۆر لە هاوڕێیان هەموو هاتنێکی عەرەب بە نیشتەجێبوون دەزانن، لەکاتیکدا بڕی زۆری ئەوانەی دێن پتر لە گەرمای هاوێن و بەمەبستی گەشتوگوزار دێن و دەگەڕێنەوە. بەڵام خەڵکی ئێمە کە دەبێنێت چەند مانگێکی هاوین بازاڕو شوێنە گەشتیاریەکان پڕ بووە لە عەرەب، یەکسەر بیری ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوویان دەکەوێتەوە و ترس دایاندەگرێت، من زۆر باش لەم ترسە تێدەگەم، بەس ڕاست نین. هەموو وەرزێکی هاوێن یان بەهار و کاتی گەشتوگوزار بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم ساڵانە پتر لە ملێۆنێک ڕوو لە هەرێم دەکەن...بەڵام ئەمانە نیشتەجێی ئیرە نین. وڵاتانی دنیا سامانێکی گەورە خەرج دەکەن بۆ ئەوەی گەشتیار بۆ خۆیان ڕاکێشن و ئەو سامانەشی لەویوە دەستیان دەکەوێت دەچێتە ناو خانەی سامانی نیشتیمانیەوە. وڵات هەیە هەر وەزارەتی بۆ گەشتوگوزار داناوە و هەوڵی دنیا دەدات بۆ ئەوەی گەشتیار بۆ وڵاتەکەی پەیدا بکات. کەچی ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ حکومەت سەرمایەگوزاریەکی وای لەم کەرتەدا نەکردووە (کە دەیتوانی زۆر زیاتر بییتە بۆژانەوەی سامانی نیشتیمانی) و خواکرد سروشتێکی هاوسەنگ و جوانمان هەیە کە گەشتیار رووی تێدەکات، پیمان ناخۆشە و بەهۆی ئەزموونی رابردووە دەڵین ئەمە  تەعریبە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەمە تەعریب نیە، بەڵکو دەبێت وەک هەلێک بۆ زیادکردنی سامانی نیشتیمانی هانی بدەین و گەورەی بکەین. 

گلەیەکی تری کاکە ڕیبواری برام ئەوەیە من بە وردی ئەوە نابینم کە کاریگەری زمانی عەرەبی بەجۆرێکە ئێستا زۆر دوکان و شوێنی بەتایبەتی هەولێر بەناوی عەرەبیەوەیە. بەس ئەوەی کاکە ڕێبوار تێبینی نەکردووە دوو خاڵی گرنگە: یەکەم ئەوەیە بەتایبەتی لە هەولێردا و لەپێش ڕاپەڕینەوە ناوی عەرەبی هەر زۆر زیاتر بوو لە ئێستا..واتە پەیوەندی بە هاتنی ئێستای عەرەبەکان بۆ کوردستان نیە، تەنیا لە دوای ڕاپەڕینەوە کەمێک ناوی کوردی زیادی کردووە. دوهەم) پاڵنەری ئەم ناوانە زمانی عەرەبی نیە، بەڵکو دینی ئیسلامە. کوردێش وەک زوربەی ولاتە موسوڵمانەکانی ناوچەکە دنیایەک ناوی عەرەبی چ بۆ خۆیان و چ بۆ دوکان و پرۆژەکانیان هەڵدەبژیرن بە پاڵنەری دینی نەک نەتەوەیی. لەبەرئەوە ئاماژەکردن بۆ ئەم خاڵە وەک نیشانەکانی تەعریب، بەهیچ شێوەیەک بە وردبین نازانم.
سێهەم) قسەکردن لەسەر ئەوەی من تیورەکانی کۆچم تێکەڵ کردووە، و بەراودکاریەکانم لەگەڵ کۆچکردنی کوردەکان بۆ ئەوروپا لەگەڵ هاتنی عەرەبەکاندا بۆ ئێرە هەڵەیە. بۆچی؟ چونکە ئێمە دەوڵەتمان نیە، و هەرێمیکی ناسەقامگیر و بێ پلانمان هەیە کە بەرگەی ئەو قسانە ناگرێت کە کردوومن. من واز لە مەسەلەی حکومەت و پلان و سیاسەتی حوکمڕانی دەهێنم (چونکە وەک زۆر کەسی تر هەستدەکەم بەهیچ شێوەیەک لە هیچ بوارێکدا لە ئاستی بەرپرسیاریدا نین). من باسی هەقیقەتێکی کۆمەڵناسی دەکەم کە خۆبەخۆ ڕوو دەدات و پێویستی بە پلان و بەرنامەش نیە. چەند سەد هەزار کەسیک کە دەچنە ناو گەلێکی دیەوە و تیایدا نیشەتجی دەبن و لەگەڵیاندا دەژین..بەتێپەڕینی کات نەوە دوای نەوە کاریگەری وەردەگرن و دەبن بە بەشیک لەو گەلە. باشترین نموونە تورکومانەکانی هەولێرە. تا ڕابڕدووەیەکی نزیکیش بەشێکی دیاری شارەکە بە تورکی قسەیان دەکرد و کوردیان نەدەزانی، دەی ئێستا کەم تورکمانی هەولێر هەبێ نەک کوردی بزانێت، بەڵکو خۆی بەخەڵکی هەرێم نەزانێت.،.لە هەڵبژاردنیشدا بەشداری دەکەن و زۆرێکیان دەنگ بە هێزە کوردیەکان دەدەن. تەنانەت تورکمانەکانی کەرکویش بەهۆی تێکەڵبوونەوە بەشێکیان کوردی فێر بوون و خۆیان بە نزیک لە ئێمە دەزانن. دەی هەمان پرۆسەش بۆ عەرەبەکان ڕوو دەدات گەر لەناوماندا بمێننەوە و بژین..ئەوە ناڵێم پاش ئەوەی دۆخی شارەکانی خۆیان باش بووە یان بە هەر هۆکارێکی دی بگەڕینەوە، بەڵکو ئەوانە دەڵیم کە بەدایمی لەناوماندا دەمیننەوە و نەوە دوای نەوە لەگەڵمان دەژین. ئاوێزان بوون بەهۆی تێکەڵبوون و مامەلەی بەردەوامەوە درەنگ یان زوو ڕوودەدات. گەر عەرەبەکان بە دایم لیرەە بمێننەوە ئەوە سەد ساڵ و دوو سەد ساڵی تر درێژکراوەکەیان بەشێک دەبێت لە هاونیشتیمانی ئێرە و هەموو شتێکی دەبەسترێتەوە بە شارەکانی ئێمەوە. 

چوارهەم) کاکە ڕێبوار گلەی ئەوەم لێدەکات کە بی ئامار قسەم کردووە و لە خۆڕا و بێ پشتبەستن بە هیچ داتایەک کۆمەڵێک حوکمی گوماناویم پێشکەش کردووە. لەوانە کاتێک وتوومە ڕێژەی عەرەب لە کوردستاندا زۆر کەمترە لە ڕێژەی کورد. دەی کاری ڕاست ئەوەبوو کاکە رێبواریش لە پشت ئەم ڕستە گشتیەوە قسە نەکات و بەئامار و داتا بیسەلمینیت کە ئەوەی من گووتمە ڕێژە عەرەب بە بەراور بە کورد زۆر کەمە، ڕاست نیە و ئامارەکان پێچەوانەکەی دەسەلمینن. دەی من لەو وتارەدا چەند خاڵێکی گشتیم باسکرد بەڵام بی ئاماریش نەبوو کە نەمنووسی. ئەوەی من پرسیومە لە هەر ٤ پارێزگاکەی هەرێم ٤٠ هەزار شوقە یان خانوو بە عەرەب فرۆشراوە. تۆ بڵێ ئەم ٤٠ هەزارە خێزانیکی ٦ کەس (بابە دەکەسن)..،هێشتا ژمارەیان زۆر زۆر کەمترە لە ئێمە. ئەمە گەر وای دابنێین ئەو ٤٠ هەزار شوقە و خانووە بە مەبەستی مانەوەی هەمیشەیی کڕڕاوە. چونکە زۆرێک لەوانە یان مەبەستی بازرگانی کڕڕاوە بۆ ئەوەی بیدەنەوە بۆ کرێ، یان خوا پیداوون کە کڕوییانە بۆ ئەوەی هاوینان یان بەهار بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕووی لێبکەن. ژمارەیەکی کەمتر لەوە بە مەبەستی نیشتەجیبوونی هەمیشەیی ڕوویان لێرە کردووە، واتە ماڵ و منداڵ و کاروکاسبیان بۆ ئێرە ‌هێناوە و ناگەڕینەوە. دەی بەبروای من کۆمەڵگای ئێمە توانای تێکەلکردنی ئەم ژمارەیەی هەیە و ژمارەکەش دوورە لەوەی مەترسی تەعریب درووست بکات. 

دواجار من خۆم کەسێکی نەتەوەییم و زۆر باش لەو ترسە تێدەگەم کە هەموو کورد بەهۆی ئەزموونی رابردووە ترسی لە پێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب هەیە، بەس کەسێکی نەتەوەیم بەڕۆحێکی ئینسانیەوە کە هیچ ڕق و کینەیەکم دژ بە گەلی دی بۆ هەرس ناکرێت، گەر لۆژیکی نەبێت. من بروایەکی تەواوم بە کۆمەڵگا و کلتووری کوردی هەیە و پێموایە زۆر مرۆڤدۆستانە دەتوانیت باوەش بە هەموو کەسیکی بێگانەدا  بکات کە ڕووی تێدەکات و ڕێزیان لیبگرێت. کۆمەڵگای ئێمە لە هەموو کۆمەڵگایەکی دی زیاتر سوکایەتی نەتەوەیی پێکراوە و دەزانێت و بینوێتی چەند ئەو سوکایەتی و بێ نرخکردنە بریندارکەرە. هەر لەبەئەوەش نابێت هیچ پێی خۆش بێت سوکایەتی یان ڕق و کینەی لە خەڵکیک هەبێت کە لەبەر هۆی جیاواز روویان لێ کردووین و دەیانەویت لەگەلماندا بژین. ئەڵبەتە و بێگومان کاتێک ئەم ڕێژەیە وەک وتم سروشتی بێت و بێ سنوور نەبێت (کە تا ئێستا نیە) و هەر بەپێی دەستوری عێراقیش هەر نیشتەجێبونێک بە مەبەستی گۆرینی دیموگرافی شارەکان بێت قەدەغەیە. 
لە کۆتایدا دەبێت سوپاسی کاکە ڕێبوار سیوەیلی بکەم کە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندم زیاتر بۆچونەکانم ڕوون بکەمەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن