نیشتمان یەخەت دادڕە!
7/22/2026 11:27:00 AM
زیرەك كەمال
یا ئیلاهی، مەردوومەکانی ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە بۆچی ئاوایان لێهات؟ ئاخر تۆ
ئافرەتت وا وێنا کرد( الجنة تحت آقدام الآمهات)، کەچی هەندێک لە بەناوشوێنکەوتووانت
بەدەم وێرد و باسکردنی ئەخلاقەوە، ئافرەتیان کردووەتە کائینێکی جنسی و گوماناوی،
شایانی هەزاران گومان و مەترسی؟
چیە ئەو هەموو بەنی ئادەمە زمان زبرە شەڕانگێزەی
کوچە و کۆڵانەکانی فەیسبووکیان تەنیوە و وەکو گورگی برسی و بەرازی غەزری، لەهەر گۆشەنیگایەک
جوانی و قسەی هەق ببینن، بەوپەڕی دڕندەیی پەلاماری دەدەن؟ ئەی نیشتمان چیە ئەو هەموو
چەنەبازەی کە لە بەرووبوومی خاکی گەوهەرت خواردیان و ئاوی کەوسەری تۆیان نۆشیوە و
لە سێبەری درەخت و کەپکە شاخت نووستوون، کەچی ئێستا هەرکەسێک باسی جوانی و ئاڵا و
ئەی ڕەقیبت بکات، باسی دەشتی کاکی بەکاکی و لوتکەی سەفین و مەندیلی قەندیل و شنەبا
و کەویەبەفری سەر کێلەشینت بکات، باسی جوانی گەرمیان و کوێستانت بکات، وەکو گەلەگورگی
هار پەلامار دەدرێت. کوردستانم چیە ئەو هەموو جنێوباز و شەهوەتباز و چەنەباز و درۆزنبازەی
بە ڕەوە ڕژاونەتە ناو ڕێڕەوە تاریکەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ڕقێکی ڕەش و ئەستورەوە،
کەس نازانی لەسەرچی بەربوونەتە کیانی یەکتری؟ ئەی وڵاتی بەرگری و فیداکاری و شەهیدستان،
چیە ئەو هەموو سیاسەتبازەی پەیدابوونەو پۆست و پلە وپایە بە ماف و غەنیمە دەزانن و
دەسەڵات و قەڵەمڕەویان کردوووەتە پلیکانە و قادرمەی گەیشتن بە گەندەڵی و کەڵەکەکردنی
سەرمایە و گیرفان فوول کردن؟ کوردستانم ئەو هەموو میدیا و پەیج و سایت و مایک بە دەستە
لە کوێی پەیدابوون، کە خواردنەوەی پەرداخێک ژەهریان پێ خۆشترە لە گوتنی ڕاستی؟چیە
ئەو هەموو مەردوومەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە شەو و ڕۆژ بیستوچوار سەعات سەرچۆپی
گەوجاندن و چەواشەکاریان گرتووە. درۆ بە تاعەت و تەقوا دەزانن و بە کوتەک و بەرتێڵاش
ڕاوی ڕاستی دەنێن؟ ئەی نیشتمان بمان گێڕەوە بۆ بەرەبەیانی جوانی ئەوکاتەی، بە کۆرس
ئەی ڕەقیبمان دەگوتەوە و کەس نەیدەگوت گوناهی کەبیڕەیە! بمان گێڕەوە بۆ ئەو سەردەمەی
خیانەت تاوان و درۆ عەیبە و دزی شورەیی و جنێو ڕێگا پێنەدراو بوو. خودا لەدەست پیاوانی
بە قیژەقیژ و زمانی زبر ڕزگارمان بکە و مەلای موددەریس و مەولانای نەقشبەندی و شێخی
شەدەڵە و نالی و مەلای گەورەمان بدەوە، ئەی نیشتمان تۆ کە ئەو سەرت کێلی مەم و زین
و ئەوسەریشت کێلی شیرین و فەرهادە یەخەی خۆت دادڕە، بەرانبەر ئەوانەی لەسەر خاکی تۆ،
بە چاوی سووک سەیری خۆشەویستی دەکەن.