29 عیراق

پەرلەمانتارێک کەبەدواداچوونی بۆ گەندەڵکاران دەکرد.. بە ١٧ ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت

01:18 - 13/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باسم خەشان، ئەندامی پێشووی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان دەرکرد، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل. 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تەمووزی ٢٠٢٦،  لەسەر بنەمای سکاڵایەکی فەرمیی دەستەی دەستپاکیی عێراق، دادگای دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغداد، دوو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ باسم خەشان، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەرکرد، بەتۆمەتەکانی، وەرگرتنی بەرتیل، داواکردنی پارە لەبەرامبەر ڕاپەڕاندنی کارەکان، زیانگەیاندنی ئەنقەست بە ماڵی گشتی و بەکارهێنانی پۆست بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی.

فەرمانەکانی دەستگیرکردن بەگوێرەی بڕیاری 160 و ماددەی 340 لە یاسای سزاکانی عێراقی دەرکراون، سزای بڕیاری 160 دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن، هەروەها سزای ماددەی 340 کە تایبەتە بە خراپ بەکارهێنانی ئەرکی فەرمی بۆ بەرژەوەندی کەسی، سزاکەی دەگاتە 7 ساڵ زیندانیکردن. بەوپێیە کۆی ئەو سزایانەی ڕووبەڕووی باسم خەشان دەبنەوە، دەگاتە ١٧ ساڵ زیندانیکردن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق سزای زیندانیکردنی بۆ کەسێک بە ناوی حەیدەر سەعدی مووسا پەسەند کردووە، ئەم کەسە لە دۆسیەکەی باسم خەشاندا ڕۆڵی نێوەندگیری بینیوە بۆ وەرگرتنی بڕێک پارە لە وەبەرهێنەرێک بۆ ئەندامەکەی پێشووی پەرلەمان، بەو هۆیەشەوە نێوەندگیرەکە بە دوو ساڵ بەندکردن سزا دراوە.

باسم خەشان وەک سیاسی، پارێزەر و چالاکوانێکی مەدەنی ناسراوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 لەسەر لیستی هاوپەیمانی سائیروون بووە ئەندامی پەرلەمان، بەڵام دواتر جیابووەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021دا لە بازنەی موسەننا 11,755 دەنگی بەدەستهێنا و وەک یەکێک لە دەنگە دیارەکانی بەرەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ و نزیک لە جووڵانەوەی تشرینییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا ناسرا، کە هەمیشە وەک ڕەخنەگر و بەدواداچوونکاری دۆسیەکانی گەندەڵی دەردەکەوت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن