22 عیراق

بەپەلە.. ئەو پەرلەمانتارەی داوای پێنج دەفتەر دۆلار بەرتیلی كردبوو بە دوو ساڵ حوكم درا

03:41 - 16/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ محەممەد ناسر کەربوولی، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦،  دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای "زیندانیکردنی تووند"ی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ محەممەد کەربوولی دەرکردووە، لەگەڵ پێبژاردنی بڕی ١٠ ملیۆن دینار، ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە ناوبراو داوای بەرتیلی کردووە بۆ ئەنجامدانی کارێکی نایاسایی.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەشداوە،  ئەو پەرلەمانتارە داوای ٥٠ هەزار دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات لە داخستنی چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە لەسەر سکاڵاکارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بەغدا- کەرخی یەکەم پێکهێنرابوون، تاوەکو ئەو کەسە لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بمێنێتەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دادگە دوای وردبینی لە هەموو بەڵگەکان، بڕیاری سزا دانی محەممەد کەربوولی بەپێی یاسای ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣ دەرکردووە.

محەممەد ناسر کەربوولی، پەرلەمانتارە لەسەر لیستی هاوپەیمانیی عەزم، بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕای، هەروەها یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی هەڵمەتی بەرەبەیان کە پێکهاتبوون لە هێزە هاوبەشەکانی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەسپاکی لەنێو ناوچەی سەوز و چەند ناوچەیەکی دیکەی بەغدا دەستگیرکرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن