14 کوردستان

سەرۆکوەزیرانی عێراق: "ھێرشەکەی سەر ھەولێر ھەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری گەلەکەمان"

12:54 - 16/07/2026

زەمەن - هەواڵ

 سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند، ئەو ھێرشەی کە شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کرایە سەر شاری ھەولێر، ھەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیری گەلی عێراق و بیناتنای دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

شەوی ڕابردوو دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، لە ئاسمانی ھەولێر ھەشت دڕۆنی بۆمبڕێژکراو لە لایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.

عەلی زەیدی کە ئێستا بەسەردانێک لە واشنتۆنە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی لەبارەی ھێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر ھەولێر بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی: "بە توندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئاسمانی شاری ھەولێری عێراق بەزاند، جەخت لەوە دەکەینەوە چاوپۆشی لە ئەم ھەوڵە تاوانکاریانە ناکەین کە بە شکستەوە ھەوڵی تێکدانی سەقامگیری گەلەکەمان و ڕێڕەوی متمانەپێکراویان لە بنیاتنانی دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدات".

ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکانیان ڕاسپاردووە کە لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمى کوردستان ھەموو ھەوڵەکان بخەنەگەڕ بۆ گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست، بە ئامانجی ڕێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ھێرشانە و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەموو ئەوانەی کە ھەوڵی زیان گەیاندن بە ئاسایشی گەلی عێراق دەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن