مەسرور بارزانی، هیوای خۆشگوزەرانیی و ئاشتی بۆ گەلی تورکیا دەخوازێت
12:26 - 15/07/2026
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی دەیەمین ساڵیادی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی سیاسی کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، هیوای ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوامی بۆ وڵاتی دراوسێ، تورکیا خواست.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ئەو کەسانە دەربڕی کە لە پێناو بەرگریکردن لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی دەوڵەتی تورکیادا گیانیان بەختکرد و شەهید بوون.
بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە توندوتیژیی سیاسی بە هەموو شێوازەکانییەوە ئیدانە بکرێت و هیوای خۆشگوزەرانیی زیاتری بۆ گەلی تورکیا خواست.
کودەتا سەربازییەکەی تورکیا لە ١٥ی تەممووزی ٢٠١٦ لەلایەن بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتەوە ئەنجامدرا بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات، بەڵام لە ماوەی یەک ڕۆژدا شکستی هێنا.
لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەدا، زیاتر لە ٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. دواتر حکومەتی تورکیا جوڵانەوەی فەتحوڵڵا گولەنی بە داڕێژەری پلانەکە تۆمەتبار کرد و کەمپینێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی تۆمەتباران دەستپێکرد.