14 جیهان

جەنگی ئێران بەرەو کوێ دەڕوات؟ بۆچونی پرۆفیسۆری زانستی سیاسیی جۆن مێرشەیمەر

01:15 - 28/03/2026

ئامادەکردنی: د.نیاز نەجمەدین

ترەمپ گۆبەنێکی ناوەتەوە خۆیشی نازانێت چۆن لێی دەرچێت.  جۆن مێرشەیمەر(John J. Mearsheimer) کە پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە، بەم شێوەیەی خوارەوە باسی جەنگەکە و ئاراستەکەی دەکات:
بۆی هەیە ئەم جەنگە بە هەڵەیەکی گەورەتر کۆتایی بێت. ئاکامەکانی ئەم جەنگە زۆر ترسناکە. با بیر لە کارتەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران بکەینەوە، ئەو کاتەش باشتر لە دۆخەکە تێدەگەین. 
جەنگ تەنها دەستپێکردن نیە، بەڵکو کۆتاییپێهێنانیشە. لە راستییدا ئەمریکا و ئیسرائیل هیچ ستراتیجێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نییە و نازانن چۆن لەم دۆخە دەرچن. 
سەرەتا ستراتیجی ناتانیاهۆ و ترەمپ ئەوە بوو گوایە هێرش دەکەنە سەر ئێران و پاش ماوەیەک خەڵک خۆی رادەپەڕێت. بەڵام ئەمە روی نەدا. 

ئێستا باسی دانوستاندن دەکەن. بەڵام کام دانوستان؟  

 کاتێک ١٥ خاڵییەکەی بە حساب دانوستانم بینی، وتم ئەمە یان نوکتەیە یان بوختانێکە و لایەنێک هەڵیبەستووە، دەنا چۆن ئەکرێ داوای خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتیی لە ئێران بکەی؟ 

بژاردەی لێدانی نەوتی ئێرانیش هەر زۆر بێمانایە. خۆ لە ٢٠٪ی نەوتی جیهان کە لە گەروی هورمزەوە دەڕوات، هەمووی نەوەستاوە و ئەوەش حاڵی نرخی نەوتە لە جیهاندا. جا ئەگەر حوسییەکان بچنە پاڵ ئێران، ئەوا دەریای سوریش دەخەنە مەترسییەوە کە لە ١٢٪ی نەوت لەوێوە دەروات. ئەمە سەری ترەمپ دەخوات و ئابووریی جیهان توشی شۆکێکی گەورەتر دەکات.  

ئیدارەی ترەمپ دەستبەستراوە لێرەدا. خۆی ناچار بووە گەمارۆ لەسەر روسیا لاببات و رێگەش بە ئێران دەدات نەوت هەناردە بکات، بە حساب لە جەنگیشدایە لەگەڵی. بۆ؟ چونکە وا نەکات، ئەوا بازاڕی نەوت وێران دەبێت.

ئەمریکا چۆن دەتوانێت نەوتی ئێران پەک بخات؟ بیتوانیایە، ئەو رۆژەی کە هەڕەشەی کرد، جێبەجێی دەکرد. بەڵام دواتر وتی قەینا پێنج رۆژیان بۆ درێژ دەکەمەوە. دواتر وتی قەینا دە رۆژ. 

بژاردەی ناردنی هێزی سەربازییش تەنها نوکتەیە. ئەوە کێشەکە قورستر دەکات. ئێ وا دورگەی خارکت گرت، چی ئەکەیت؟ ئێران هەروا دائەنیشێ و سەیرت دەکات؟ بێگومان نەخێر. دوای ئەمە، ناردنی سەرباز ئامادەکاریی و مەشقی دەوێت. خۆ شەش مانگ لەمەوپێش ترەمپ باسی کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیاشی دەکرد. کەواتە ئامادە نەبوو بۆ ئەم جەنگە و توشیان کرد. ئێستا چۆن بەو خێراییە فریای مەشق دەکەون؟ پاشان خۆ داگیرکردنی دورگەی خارک ناکاتە ئەوەی ئەمریکا بە کەیفی خۆی نەوت لە هورمزەوە بنێرێت. گەروی هورمز بە ئاسانیی لە کۆنتڕۆڵی ئێران دەرناچێت. کەواتە ئەمریکا هێندەش بەهێز نییە کە خۆی باسی دەکات و ناتوانێت بە ئاسانیی ژێرخانی نەوتی ئێران وێران بکات. 

ستراتیجێکیتر دابەشکردنی ئێران بوو بۆ چەند پارچەیەک، بەڵام ئەمە بۆ ئێران مانای شەڕی مان و نەمان، شەڕی بوون (وجود) و قبوڵی ناکات. دۆخەکە زۆر خراپتر دەکات. 

دەبێت ددانی پیادا بنێین کە ئەمریکا کەمترین کارت و ئێرانییەکان زۆربەی کارتەکانیان لە دەستە. لە راستییدا، چەند بەسەر پەیژەی توندبونەوەی جەنگەکەدا سەرکەوین زیاتر ئەمریکا لە کێشەدا دەبێت. بۆچی؟ با بەڵگەی زیاتر بخەمەروو. 

یەکەم، ئێران توانای هەیە کێشەی زۆر گەورە (نەوت، خۆراک، پێداویستیی کشتوکاڵیی، هتد) لە رێی گەروی هورمزەوە بۆ ئابووریی جیهان دروست بکات. دووەم، ئێران دەتوانێت زۆر بە ئاسانیی وڵاتانی نەوتیی لە کەنداو وێران بکات بە ژێرخانی ئابوورییشیانەوە (شوێنێکی وەک قەتەر لەسەر دەستی کاری بیانیی دەژی و دەگەشێتەوە و هەموویان هەڵدێن). سێیەم، بۆ ئێران وێرانکردنی ئیسرائل زۆر ئاسانە. 

لە رووی جوگرافییشەوە، خۆ ئەمە ئوکرانیا و روسیا نین سنوریان بەیەکەوە بێت و داوای کشانەوە و داگیرکردنی خاک بکەن. ئەم دوو وڵاتە لە رووی جوگرافییەوە زۆر دوورن لە یەکتر. 

لە راستییدا ترەمپ بژاردەی لەبەردەستدا نەماوە. ئێستا ئەگەر بیەوێ بێتە دەرەوە، ئەبێ رایگەیەنێت کە دۆراوە. ئەوەش زۆر ترسناکە بۆی. لە ٥٠٪ داواکاریی ئێرانیش قبوڵ بکات، هەر بە دۆڕاو حساب دەکرێت. دۆڕانیش قبوڵ ناکات. 

لەولاشەوە، سەرباری ئەوەی هەزاران جولەکە دژی ئەم جەنگەن، بەڵام ئەگەری زیندووبونەوەی بزوتنەوەی دژە جولەکە (ئەنتی-سێمیتیزم) زۆر بەهێزە بەو هۆیەوە کە ئیسرائیل و لۆبییەکەی تۆمەتبارن بەوەی ترەمپ و ئەمریکا و جیهانیان خستەناو ئاگرەوە. بەم مانایە، پرۆژەی جولەکە و ئیسرائیلیش قازانج ناکات. جگە لەمانەش، بۆی هەیە روسیا دەستی کراوەتر بێت و ئۆکرانیا بدۆڕێت، بەمەش ناتۆ لەبەردەم روسیادا بشکێت. ترەمپ ئەوروپاشی خستە قەیرانەوە و پاڵپشتیی ئەوانیشی لە دەستدا بەو پێیەی بەر لە جەنگەکە پرسی پێ نەکردن.  

سەیری رەفتار و پەیامە دژ بە یەکەکانی ترەمپ و کارتەکانی بکەیت، تێدەگەیت کە لە دۆخی نائومێدییدایە بەڵام دەریناخات. من خەمی نائومێدبوونی ترەمپمە کە چارەسەری پێ نەدۆزرێتەوە لە کاتێکدا ئێرانیش نایەوێ رایگەیەنێت کە دۆڕاوە. 

ترەمپ پرسی بە دەوڵەتی قوڵ نەکرد. بە رۆشنبیران و زانایانی بوارەکە نەکرد. خۆی لێ بووبوو بە شتێکی ناوازە و مەزن. پشتی بە مەزنیی خۆی لەگەڵ نمونەی دەوڵەمەند و سیاسیی بیرسادە و کاڵوکرچ و خاوەن کەناڵی میدیایی لایەنگر (بۆ نمونە فۆکس نیوز)ی وەک جیرد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف و لیندسی گراهام و رۆبەرت مەردۆخ بەست.

جا کە بژاردە نەما، مەترسییەکە گەورەتر دەبێت. کە ترەمپ و تیمەکەی (بە راوێژکارە ئابورییناسەکانیشییەوە) گەیشتنە ئەو شوێنەی ئیتر هیچیان بە دەستەوە نەماوە بۆ بردنەوە، رەنگە ترەمپ ئەو کاتە خراپترین شت بکات تا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، وەک چۆن یابان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا روداوی پیرل هاربەر(Pearl Harbor) ی نایەوە لەبەرئەوەی هیچی بە دەستەوە نەمابوو و دواتریش ئەمریکای هێنایە ناو جەنگەکە و پاش چەند ساڵێک بە ئەتۆم یابانی وێران کرد.
رەنگە بە هەڵەیەکی زۆر گەورەتر جەنگەکە کۆتایی بێت.
…………
تێبینیی: بۆچونەکانیم لە چاوپێکەوتنێکییەوە وەرگرتووە و دامڕشتۆتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن