دوو میر بۆ یەک گــــەل
06:43 - 06/08/2019
زەمەن - دهۆک
دوای حەوت مانگ لە کۆچی دوایی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان، دوای مشتومڕو گفتوگۆیەکی زۆری ناوخۆیی، دواجار حازم ته‌حسین به‌گ، كوڕه گه‌وره‌ى میری کۆچکردوو لە جێی باوکی دانراو بوو بە میری ئێزدییان لە جیهاندا.
ئەم هەڵبژاردنە دوور نەبوو لە ناکۆکی ناوخۆی ئێزدییەکان، بەڵکو بووە هۆی دوو لەتکردنیان و بەشێک لە شنگالییەکان کە لە پەکەکەوە نزیکن، ئەم میرە نوێیە رەت دەکەنەوەو بۆ خۆیان میر نایف بەگیان وەکو میر دەست نیشان کرد.
دوای دەستنیشانکردنی میری نوێ، چەندین کەسایەتی و رێکخراوی ئێزدی، بە بەیاننامەو راگەیەنراو، میری نوێیان رەتکردەوە. لەم دوو لەتکردن و درزخستنەی نێو ئێزدییەکان، پارتی و پەکەکە تۆمەتبار دەکرێن بە دەستتێوەردانی حزبیی لەو پۆستە باڵا و گرنگەی ئێزدییەکان.
میری نوێ کێیە؟
حازم ته‌حسین به‌گ ساڵى 1963 له ناحیه‌ى باعه‌درێ سه‌ر به قه‌زاى شێخان له دایكبووه، خێزانداره‌و باوکی دوو كوڕ‌و كچێكه. ماوه‌ى حەوت ساڵه ئه‌ركى نوێنه‌رایه‌تى میرى وه‌رگرتبوو. هەروەها لە خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى كوردستاندا ئەندامی پەرلەمان بووه لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ته‌حسین به‌گ باوكى حازم له ته‌مه‌نى 15 ساڵییەوە تا رۆژی 25ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨ کە كۆچى دواییكرد، میرى ئێزدییان بوو واته ماوه‌ى 75 ساڵ كه ئه‌و كات له‌لایه‌ن دایكیه‌وه دانرابوو.
حازم ته‌حسین به‌گ له‌نێوان شەش كه‌س كه له بنه‌ماڵه‌کەى كاندیدكرابوون به زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى ڕۆحانیى به میرى ئێزدییان و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ڕۆحانى هه‌ڵبژێردرا و هه‌ر یه‌كه له كامیران خه‌یرى سه‌عید به‌گ به وه‌كیلى میر بۆ كاروبارى ئاینیى، هه‌رمان میرزا سه‌عید به‌گ به وه‌كیلى میر بۆ كاروبارى گه‌نجان ده‌ستنیشانكران.
هەروەها شێرزاد فاروق سه‌عید به‌گ وه‌كیلى میر بۆ كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و جه‌وهه‌ر عه‌لى حسێن به‌گ، به وه‌كیلى میر بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ستنیشان كران .
ده‌سه‌ڵاته‌كانى میر
میرى ئێزدییان نوێنه‌رایه‌تى سیاسى، دیپلۆماسى، كۆمه‌ڵایه‌تى و هه‌روه‌ها فه‌تواى ئاینى هه‌موو ئێزدییه‌كانى جیهان ده‌كات.
به‌گوێره‌ى ئامارێكى تایبه‌ت به خۆیان، ژماره‌ی ئێزدییه‌كان لە جیهاندا نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن كه‌س دەبن. نزیكه‌ى 550 هه‌زار كه‌سیان له هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ژین كه دابه‌شبوون به‌سه‌ر ناوچه‌كانى شەنگال، شێخان، به‌عشیقه‌و به‌حزان، تلكێف، شاریا، خانكى و سنوونێ.
هه‌روه‌ها زیاتر له 400 هه‌زار کەسیان له وڵاتانى ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا، ڕوسیا و ئه‌رمینیا، توركیا‌و ئه‌ڵمانیاو چەند وڵاتێکی تردا نیشته‌جێن.
ناكۆكییه‌كانى نێو ماڵى ئێزدیی
هه‌ر چه‌نده پێشتریش ڕه‌خنه‌ى زۆر له ئه‌داى میرته‌حسین به‌گ ده‌گیرا له‌وه‌ى نه‌یتوانیوه نوێنه‌رایه‌تى راسته‌قینه‌ى هه‌موو ئێزدییان بكات، به مردنیشى ناكۆكییه‌كانى بنه‌ماڵه‌كانى ئێزدییان به‌تایبه‌تى شەنگالییه‌كان و بنه‌ماڵه‌ى ته‌حسین به‌گ زیاتر پەرەیسەند. به‌وپێیه‌ى له سه‌رده‌مى میر ته‌حسین به‌گدا ئێزدییه‌كان به تایبه‌ت شەنگالییه‌كان دووچارى چه‌ندین نه‌هامه‌تى و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن فه‌رامۆشكردن بوونەوە. بەرچاوترینیان دوو ته‌قینه‌وه به‌هێزه‌كه‌ى ساڵى 2007ى گرعوزێرو سیبار شێخ خدر، كه لەو تەقینەوانەدا سه‌دان كه‌س بوونە قوربانیی.
سەرباری ئەمانە، هێرش و داگیرکاریى داعش له ساڵى 2014 نەهامەتی و کارەساتەکانی ئێزدییەکان گەیشتنە لوتکە.
ئه‌وانەی هه‌ڵبژاردنى میر حازم ته‌حسین به‌گ ڕه‌ت دەكه‌نه‌وه، پێیانوایه میری نوێ هه‌م مه‌رجى میراتى تێدا نییه به‌وپێیه‌ى دایكى له بنه‌ماڵه‌ى میر نییه، هه‌میش ده‌ستى حزب هەیە له پشت دانانى حازم وەکو میر. ئه‌مه‌ش دووره له نه‌ریتى ده‌ستنیشانكردنى میر.
له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌شێك له سه‌رۆك هۆزه‌كانى شەنگال به فه‌رمى هه‌ڵبژاردنى حازم یان ڕه‌تكرده‌وه‌و له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا (نایف كوڕى داود سلێمان به‌گ)یان وه‌كو میرى ئێزیدییان ده‌ستنیشانكرد.
ئەوانەی میر نایفیان وەکو میر هەڵبژاردووە ده‌ڵێن “میر نایف سیفه‌تى میراتى تێدایه به‌و پێیه‌ى دایك و باوكیشی لە بنه‌ماڵه‌ى می‌رن”.
میر نایف
میر نایف زیاتر له په‌كه‌كه‌و حكومه‌تى عێراقەوە نزیكه، ئه‌مه‌ش وایكردووه نێو ماڵى خودى شەنگالییه‌كانیش بووەته دوو پارچەوە. ئه‌و ئێزدییانه‌ى له پارتیه‌وه نزیكن حازم به میرى خۆیان ده‌زانن و له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ى دژى پارتین میر نایف به میرى خۆیان ده‌زانن.