12وتار

عەمار حەکیم و ئاسایشی نیشتمانی هەرێم

7/11/2026 1:31:00 PM
د.بەختیار شاوەیس

وێنە یاداشت
وێنەی نۆزدە:
                 عەمار حەکیم و ئاسایشی نیشتمانی هەرێم




ماوەیەک بوو دۆخی کوردانی فەیلی لەبەغداد و پارێزگاکانی باشوور و ناوەراست باش نەبوو، لێرەو لەوێ هەرەشە و چاوسورکردنەوە و گێچەڵیان پێدەکرا بەبیانوێ کوردبوون و لایەنداری هەرێم و دژایەتی عیراق. لەو سەروبەندەدا کەتا دەهات مەسەلەی ریفراندۆم زیاتر باس دەکرا و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لەبەغداد دەوروژێنرا جۆرێک لەتۆخکردنەوەی هەستی تائیفی و دەمارگیری لای بەشێک لەشەقامی عەرەبی دروست کردبوو، کە کاریگەریەکەشی لەسەر فەیلیەکانی ناو بەغداد یان ئەو گەشتیارە کوردانە دەکەوتەوە کەرۆژانە لەشارەکانی هەرێمەوە بۆ مەبەستی کەسابەت یان گەشتوگوزار یان هەر شتێکی تر سەردانی بەغداد و پارێزگاکانیان دەکرد.

چەند جارێک کوردانی فەیلی لەرێگەی نوێنەرانیان سەردانی فراکسیۆنە کوردیەکانیان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد و سکاڵای خۆیان گەیاندە ئێمە، ئەمە جگەلەوەی بەردەوام لەرێگەی پەیوەندی شەخسی زۆربەمان وەک پەرلەمانتارانی کورد رۆژانە  پەیوەندیمان پێوە دەکراو باسی خراپی بارودۆخی خۆیان بۆدەکردین.

سەید عەمار حەکیم ، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان بوو لەو سەردەمە کەجگە لەسەدریەکان کۆی هێز و لایەنە سیاسیە شیعیەکانی لەخۆی کۆکردبوویەوە. رۆژێک پێشتر لەسەردانی تاران گەرابویەوە.

ئێمەیش وەک فراکسیۆنە کوردیەکان جگە لەپارتی کەخۆیان ئامادە نەبوون، بریارماندا ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە و سەردانی سەید حەکیم بکەین وە سکاڵای خۆمان لەسەر دۆخی فەیلیەکان بگەیەنینە شیعەکان. ئەمەجگەلەوەی کەزاینی رای ئیرانیەکان سەبارەت بەپرسی ریفراندۆم لەو دەمەدا بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو.

لەوێنەکەوە: رۆژی ٢٠١٧/٧/١٠

سەید عەمار حەکیم، حامد الخظری سەرۆکی فراکسیۆنی مواطن و بەشێک لەئەندامانی فراکسیۆنەکەی، ئارام شێخ محمد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، سروە عبدالواحید و ئەمین بەکر لەگۆران، د.موسەنا ئەمین و ئەحمەد حاجی رەشید لەیەکگرتوو و کۆمەڵ، ئاڵاتاڵەبانی و نەوزاد رەسوڵ و بەندە لەیەکێتیی.

دوای پێشوازی گەرم ، نوێنەرانی کورد مەبەستی سەردانەکەیان بۆ عەمار حەکیم روونکردەوە.
لەسەر پرسی نارەزایەتی کوردانی فەیلی و ئەو دۆخەی کەرووبەرووی کوردان لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێم دەبێتەوە، سەید پەیمانی ئەوەیدا کەبەجدی کاری لەسەر بکات و هاوپەیمانی شیعەکان لەرێگەی سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی و خێرا دەگرنەبەر و نابێت ئەم دیاردەیە زیاتر تەشەنە بسێنێت و ببێتە مەترسی لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی.

کاتێک پرسیاری رای کۆماری ئیسلامی ئیرانمان کرد سەبارەت بەریفراندۆم. حەکیم زۆر بەوردی مەترسی و لێکەوتەکانی روون کردەوە. ئەو وەک دۆست و بەزمانێکی دڵسۆزانە و کەمێک توند وە بەگلەییەوە وێنەیەکی لەسەر بیرو بۆچوونی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی
دەوروبەر و ناوخۆی ماڵی شیعە خستەروو.

لێرەدا بۆ مێژوو تیشک دەخەمە سەر قسەکانی کەلەکاتی خۆیدا وەک فراکسیۆنە کوردیەکان  بۆ رای گشتی بڵاومان کردەوە :


١.عەمار حەکیم  لە مەترسییەکان ئاگاداری کردین و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەموو گفتوگۆیەک. عەمار حەکیم باسی لەوە کرد کە دوێنێ لە کۆماری ئیسلامی ئێران گەڕاوەتەوەو سەرکردە ئێرانیەکانی بینیوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە، ئەوەی ئەو خوێندنەوەی بۆ کردووە لە قسەکانیان هیچ ڕازیبونێکی تێدا نییە،  ئەم بابەتی ڕاپرسی و دەوڵەتی سەربەخۆیەش ڕاستەوخۆ ئەمنی قەومی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ ڕاپرسی دەربڕیوە و دوور نییە ئەو ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە تێک
بدرێت.

٢.باسی هەڵوێستی تری وڵاتانی دەوروبەری
کرد،کە تورکەکان زۆر نیگەرانن و وڵاتانی عەرەبیش بە هەمان شێوە،عەمار حەکیم وتیشی کە ئەو بابەتە لەلایەن سەرکردایەتی کوردەوە ورد لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.

٣.سەبارەت بە هەڵوێستی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ، لە ئێستادا وا هەست دەکەن کە هەرێم فرسەت دەهێنێت لەلاوازی عێراق و سیاسەتی ئەمری واقیع دەسەپێنێت، بۆیە ئەم بۆچونە دەگوازرێتەوە بۆ شەقام و شەقامیش کۆنتڕۆڵ ناکرێت و کارەسات روودەدات (ئەمە لەکاتێکدا هەرێم و بەغدا لە پەیوەندییەکی خراپدان بە تایبەت  لە مەسەلەی نەوتدا).

٤.سەبارەت بە ناوخۆی خۆتان واتە (لایەنە سیاسییەکانی هەرێم) وتی؛ هێزەکانتان پەرتەوازەن و پەرلەمانەکەتان پەکخراوە و کار گەیشتووەتە ئەوەی ڕێگە لە هاتنی هەندێک کەسایەتی دەگیرێت بچنە هەولێر.
هەر بۆیە:�
بە بڕوای عەمار حەکیم ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەی وردی بۆ نەکراوە و ئامرازەکان ئامادەسازیان بۆ نەکراوە و خوێندنەوەی باش بۆ دۆخەکە نەکراوە،وقسە لەگەڵ لایەنە راستەوخۆکانی بابەتەکە نەکراوە وەک پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق،و چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان نەکراون بە نەخشە ڕێگا بۆ بابەتی گشتپرسی.

ئەمرۆ نۆ ساڵ بەسەر ئەو یاداشتە وێنەدا تێدەپەرێت، یادگاری و یاداشتەکان بونەتە رابردوو بەڵام سیناریۆکان خراپتر بەردەوامن. دوای نۆ ساڵ لەقسەکانی سەید عەمار حەکیم ئێستا پەرلەمانی کوردستان هەر پەکخراوە و پەرتەوازەی ناوماڵی کورد زیاتر شەقی تێکەوتوە، باهۆزێکی گەورەی گۆرانکاری ئیقلیمی رۆژهەڵاتی گرتوەتەوە. لەپرتەوازەی خۆمان نۆ ساڵ پێشتر بەهۆی گوێنەگرتن لەیەکتر و لەدۆستەکانمان ریفراندۆم کراو و نیوەی خاکمان لەدەستدا، خوا بکا لەمەی ئێستادا هەموو هەرێمەکە لەدەست نەدەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن