29 کوردستان

لە دوو ڕۆژی داهاتودا مووچە دێت

03:33 - 06/07/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: هۆكاری دواكەوتنی ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بۆ كەمیی نەختینە (سیولە) دەگەڕێتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی چارەسەركردنی ئەو گرفتەیە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ی تەمووزی ٢٠٢٦،  شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، ئاشکرایکرد، وەزیری دارایی فیدڕاڵ بڕیاریداوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێش سەرۆكایەتییەكانی عێراق ڕەوانە بكات و دابەش بكرێت، ئەمەش خاڵێكی ئەرێنییە.

وتیشی: ئێمە وەكو پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی سەر بە میلاكی دیوانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستا مووچەمان وەرنەگرتووە و كێشەی كەمیی نەختینە هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، وەزیری دارایی فیدڕاڵ پێی ڕاگەیاندوون، سەرەتا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وەزارەتەكانی فیدڕاڵ تەمویل دەكرێت، ئینجا مووچەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمار و سەرۆكایەتیی وەزیران دابەش دەكرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ بەر لە تەواوبوونی كاتی ئاسایی دەوامی فەرمیی، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە لێبڕینی ١٢٠ ملیار دینارەكە کرد، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەست بە ڕێکارەکانی خەرجكردنی پارەكە دەکرێت و یەک بۆ دوو ڕۆژ بۆ تەواوکردنی ڕێكارەكانی تەمویلكردن پێویستە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن