21 کوردستان

نوری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی و قاسم ئەعرەجی شەڕی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن

03:48 - 27/11/2025

زەمەن:-

 

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی کۆتایی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕاگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لیژنەیەکی بۆ وەرگرتنی ناوی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێکھێنا و ، تا ئێستا شەش ناو ڕادەستی لیژنەکە کراون لەنێویاندا محەممەد شیاع سوودانی، نوری مالیکی و قاسم ئەعرەجی ھەن.

ھەروەھا چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لیژنەیەکی دیکەی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پێکھاتە و لایەنە سیاسیەکانی کورد و سوننە بۆ یەکلاییکردنەوە پۆستەکانی سەرکۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکوەزیران پێکھێناوە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵ دەدات بە گفتوگۆ و سازان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کورد، حکوومەتێکی بەھێز پێکبھێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان سەرکەوتووبێت.

ــ نوری مالیکی بەربژێری حیزبی دەعوەی ئیسلامییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق

حیزبی دەعوەی ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە ئەمینداری گشتیی حیزبەکەی و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی وەک بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو دەستنیشان کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە کە نوری مالیکی ئەزموون و توانای تەواوی بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵات ھەیە، بە تایبەتیش لەم قۆناخە ھەستیارەدا بە بەڕێوەبردنێکی ژیرانە و ھاوسەنگیی سیاسییانە.

لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٠ کورسی بەدەستھێناوە.

نوری مالیکی پێشتریش بۆ دوو خوولی لەسەریەک لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.



-ھاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە


ھاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، سەرۆکی ھاوپەیمانییەکەی و سەرۆکوەزیرانی ئێستا، محەمەد شیاع سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بەربژێر کردووە.

ئەندامی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، قوسەی مەحبووبە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: "ئێمەی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپیدان، لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار دەنگمان بە دەستھێناوە و ٤٦ کورسییمان ھەیە".

جەختی لەوەش کردەوە، تاکە بەربژێری ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپیدان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران عێراق، محەممەد شیاع سوودانییە.

ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٤٦ کورسی بەدەستھێناوە.


- ڕێکخراوی بەدر، قاسم ئەعرەجی وەک بەربژێری خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگەیاندووە

ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی ھادی عامری، بەربژێری خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگەیاند کە ئەوەیش ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێڕاق، (قاسم ئەعرەجی)یە.

ئەندامی ڕێکخراوی بەدر، موعین کازمی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە تا ئێستا، ناوی شەش کەس لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەشکراون کە خواست و ئامادەییان ھەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران کە لە نێویاندا، نوری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی ھەن.

ئەندامی سەرکردایەتیی رێکخراوی بەدر، محەممەد مەھدی بەیاتی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاندووە، بەربژێری ڕێکخراوی بەدر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجییە.

تا ئێستا ناوی ئەو سێ کەسەی دیکە کە بەربژێرکراون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ئاشکرا نەکراوە.

یەکێک لە مەرجەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ ئەو کەسەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی پێدەدرێت، نابێت بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو لیستی تایبەت بەخۆی ھەبێت.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن