گوندی ژنوار لە پیاوان قەدەغەیە
02:45 - 05/08/2019
زەمەن
لەناو دەشتاییەکى رووتەن و چۆڵدا ٧٠ کیلۆمەتر دوور لە شاری حەسەكەى رۆژئاواى کوردستان، ژنان گوندێکیان دروستکردووە کە تەنیا تایبەتە بە خۆیان و پیاوان بۆیان نییە لە گوندەکەدا بمێننەوە.
ئێستا ٧٠%ى کارەکانى ئەو گوندە تەواو بووەو لە دەشتایەکى کاکى بە کاکییەوە کردویانە بە گوندێکى ئاوەدان و سەر سەوز. بیناو خانووەکانى ئەو گوندە بە دەست و مەچەکى ژنان دروستکراوەو پیاو هیچ رۆڵێکى نەبووە لە بنیاتنانیدا.
ئەو گوندە ناوى “ژنوار”ە لەو ژنانە پێکهاتووە کە تائێستا هاوسەرگیرییان نەکردووە یان هاوسەرەکانییان لەژیاندا نەماون یان لە مێردەکانیان جیابوونەتەو بەتەنیا لەگەڵ منداڵەکانیان لەوێ دەژین.
ژنوار دەكەوێتە نێوان هەردوو شارۆچكەی دەربەسییەو سەرێكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان، ماوەی دوو ساڵە بە دەیان ژن و کچ دەستیان بە دروستکردنى کردووەو زیاتر لە ٤٠ ژن کاریان تێدا کردووە.
بەپێى یاساو رێنمایی بەرپرسانى گوندى ژنوار، مەرجە هەر ژنێك لە گوندەكەدا بژی نابێ هاوسەرگیری بكات. ئەگەرهاتو بیەوێ هاوسەرگیری بكات ئەوا دەبێ گوندەكە جێبهێڵێ.
بیرۆکەى دروستکردنى ئەم گوندە هى دوو ژنە بەناوەکانى حەلیمە حاجۆ و عایشە عەبدوڵڵا، دواتر ژمارەیەکى زۆرتر بۆ جێبەجێکردنى ئەو بیرۆکەیە کۆدەکەنەوەو لەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێی دەکەن.
عایشە عەبدوڵڵا دەڵێت: دەمانەوێت بۆ مرۆڤایەتى بسەلمێنین کە ژنانیش دەتوانن وەک پیاوان ژیان ئاڤا بکەن و شارستانى بنیات بنێن.
عایشە بۆ “زەمەن” وتی: “ئێمە وەك ژنانى گوند دەتوانین هەم كارى رۆژانەى خۆمان بكەین و هەم پارێزگاری لە خۆمان بكەین وەكچۆن پیاو ئەو كارە دەکەن”.
ژمارەی خانووەكانی گوندەكە نزیكەی ٥٠ خانووە و ئێستا ٦٠ خێزانی تێدا دەژی، هاوكات قوتابخانە و بنكەی تەندروستییشی لێ دروستكراوە و ژمارەیەك لە دوكان و شوێنی فرۆشتنی پێداویستییەكانی دانیشتوانی گوندەكەش هەیە.
خاوەنى بیرۆکەى دروستکردنى “ژنوار” باس لەوە دەکات، دروستکردنى گوندەکە بۆ جوانیى نییە تا ناوبانگ پەیدا بکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە ئەوان شوێنێکیان هەبێ تیایدا بژین.
بێجگە لە ژن هیچ پیاوێک بۆی نییە بە هیچ بیانویەك لە گوندەکەدا بمێنێتەوە. بەڵام بۆ سەردان و بۆ چەند سەعاتێک مانەوە، ئاساییە ئەمە لە کاتێکدایە ناتوانن شەوان لە گوندەکەدا بمێننەوە.
ژنان بە تواناى دارایی خۆیان بەشێکى گوندەکەیان دروستكردووە، بەڵام لەلایەن ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان و ژمارەیەک رێكخراوى نێودەوڵەتی و رێکخراوى ڕۆژئاواوە پشتیوانییان كراوە و پێداویستییان بۆ دابین كراوە.
زۆرینەی خانووەكانی گوندەكە لە قوڕو بە خشتی قوڕ لەلایەن ژنان خۆیانەوە دروستکراون و قوتابخانەو بنكەی تەندروستی تێدایەو لە ئێستاشدا گوندەكە لەلایەن هێزى تایبەتى ژنانى گوندەکەوە پاسەوانى دەکرێت.
ئامینە ئیراهیم سەرپەرشتیاری گوندی ژنوارە ئاماژە بەوە دەکات، تەواوى خانووەکانى گوندەکە بەدەست و مەچەکى ژنان دروستکراون و ماوەى دوو ساڵ زیاترە کارى تێدا دەکەن.
سەرپەرشتیارى گوندى ژنوار بە “زەمەن”ى وت: “ژنانی گوندەكە لە كوردو عەرەب و توركمان و سریانی و ئێزیدى پێکهاتوون و بەهاوکارى یەکتر گوندەکەمان دروستکردووە. ئێستا هەر ژنێكی تر بیەوێ دەتوانێ لەو گوندە بژیت بەپێى ئەو مەرجانەی دانراون”.
سەرەتا تەنیا ٣٠ کچ و ژن بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە ٧٠ کەس و رۆژ بە رۆژیش ژمارەى دانیشتوانى گوندەکە زیاتر دەبن و سەرنجى ژنانى دیکەشى بەلاى خۆیدا راکێشاوە.
سەرپەرشتیاری گوندى ژنوار باس لەوەش دەکات، بەشێك لەو ژنانەی لە گوندەكەدان، خوێندەوارن و بڕوانامەیان هەیە. ئێستا لە بنكەی تەندروسیی و قوتابخانەى گوندەکەدا كار دەكەن.
بەشێک لەو ژنانەى لە نەخۆشخانەکە کار دەکەن سەرقاڵى دروستکردنى دەرمانن لە گژوگیا بەمەبەستى دابینكردنی دەرمانی نەخۆشخانەكە. هەروەها ژمارەیەكی دیكەشییان بوونەتە مامۆستای لە قوتابخانەى گوندەکەو وانە بە منداڵان دەڵێنەوە.
ئێستا گوندى ژنوار سەرنجی میدیاو ڕێكخراوەكانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاكێشاوەو ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە میدیا بیانییەكان و رێکخراوەکان سەردانی گوندەكە دەكەن و ڕاپۆرت و كورتەفیلم لە بارەی ژیان و گوزەرانیان دروست دەکەن.
ژنانى ئەو گوندە سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و كاری دەستیی و كڕین و فرۆشتنن، كە توانیویانە ببێتە سەرچاوەی بژێویی ژیانیان.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی مەدەنی سوریای دیموكرات بە “زەمەن”ى راگەیاند، ئەوان بە وردی ئاگاداریی ژیان و گوزەرانی گوندی ژنوارن و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابینكردوون.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە داهاتوودا چەندین پڕۆژەی دیكەیان بۆ دەبەنە گوندەكە و ژنوار دەكەنە گوندێكی نموونەیی لەسەر ئاستى جیهان.
بە وتەی سەرپەرشتیاری گوندەكە چەند جارێك داعش هێرشیكردووەتە سەر گوندەكەیان، بەڵام ڕووبەڕووی بوونەتەوەو تێكیانشکاندوون بەو هۆیەشەوە شەهیدو برینداریان هەبووە.
گوندی ژنوار تەنیا گوند نییە لە جیهاندا تایبەتبێ بە ژنان، بەڵكو لە (كەنەدا، فینلەندا، ئەرجەنتین، بەڕازیل، هیندستان، مەغریب) گوندی تایبەت بە ژنان هەیە کە هاوشێوەى ژنوار هیچ پیاوێكی تێدا نییە.