ئایا مەترسی تەعریب کردن هەیە؟
7/20/2026 1:24:00 PM
ڕێبین هەردی
ماوەیەکە قسەکردن لە هاتنی عەرەبەکان و کڕینی خانوو و شوقە و زەوی بۆتە جێی نیگەرانی هەندێک هاوڕی و برا، وهەمووان لە دڵسۆزیەوە و بەپشت بەستن بە رابردوو و ئەزموونەکانی پێشوو لە کەرکوک و خانەقین، باس لەمەترسی پرۆسەی تەعریبکردنی کوردستان دەکەن. ئەم هاوڕێیانە باسی ئەوە دەکەن هاتنی ئەم هەموو خێزانە عەرەبە و نیشتەجێبوونیان لە کوردستان، هەڕەشەیەکی گەورەیە لە تێکدانی دیمۆگرافی شارە کوردیەکان و لە داهاتودا دەشێت عەرەبەکان ببنە زۆرینە و بەمجۆرە شتێک لە عێراقدا نەمێنێ بەناوی شارە کوردەکان.
بەڵام چەند تێبینیەکم لەسەر ئەم بۆچوونە هەیە کە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتی دەکەمەوە:
١) پروسەی تەعریب یان گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچە یان شارێک هەرگیز دەرئەنجامی زیادکردنی سروشتی ئەتنیەک نەبووە لەبەرامبەر ئەتنی تردا. پرۆسەکە ئەوە نیە هەندێک کۆچبەر دەچن بۆ ناوچەیەک و لەئەنجامی نیشتەجێبوونیاندا بەشێوەیەکی سروشتی زیاد دەکەن و دیمۆگرافیای ناوچەکە وەک خۆیان لێدەکەن. بەڵکو کاتێک ئەمە روودەدات کە بەرنامەیەکی سیاسی لە ئارادا بێت کە دەوڵەت بە هەموو ئامرازە ئابوری و سەرکوتکەرەکانی پاڵپشتی بکات. پرۆسەی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافی شوێنێک بە جێگرتنەوە دەست پێدەکات، هێنانی هەندێک کۆچبەر و دانانی لەبڕی خەڵکی ناوچەکە، واتە پرۆسەکە هەر زیادکردنی ژمارەی کەسانێک نیە، بەڵکو لەهەمانکاتدا کەمکردنەوەی ناچاریانە و سیاسیانەی ژمارەیەکی دیە. بێ بوونی ئەم مەرجە هیچ پرۆسەیەکی گۆڕینی دیمگرافی ڕوو نادات. واتە هیچ پرۆسەیەکی گۆڕینی دیموگرافی ڕوو نادات گەر لەگەڵیدا بەزۆر ڕاگواستن و ناچاکردن بە بەجێهێشتنی ئەتنیەکی دیاریکراو نەبێت، و لەهەمناکاتدا ڕێگەی گەڕانەوەیان لێ نەگیرێت.
٢) ژمارەی ئەو عەرەبانەی دێنە کوردستان و نیشتەجێ دەبن بەهیچ شێویەکی بەراورد ناکرێت بە ژمارەی دانێشتوانی شارە کوردەیەکان کە زۆرینەی زۆری شارەکان پێکدەهێنن. قسەکردن لەوەی بەو ژمارە کەمە و لە ڕیگەی زاوزوێی زۆرەوە دواجار ڕەنگە ببنە زۆرینە، هیچ ورد بینیەکی تیا نیە. جارێ روودانی شتێکی وا گەر مومکین بێت، واتە ئەمە دەشێت لە نەوەی دووهەم و سێهەمی ئەم کۆچبەرانەدا روو بدات، بەڵام نەوەی دوهەم و سێهەم کە لەکوردستاندا لە دایکبووە، و گەورە بووە، چیدی وەک نەوەی یەکەم نیە و بووە بە کوردستانی. ئەو نەوە یەک لەدوای یەکانەی دەشێت لە کوردستاندا بژین، تێکەڵ بە کلتوور و زمان و دنیای ناوچەکە دەبن و چیدی وەک سەرەتای باوانیان نامێنەوە. واتە کورت و موختەسەر دەبن بە هاوڵاتی کوردستان و تێکەڵ بە خەڵکەکە دەبن.
٣) هەمیشە تێکەڵبوونی نەتەوەرکان بەیەکدی و بەشێوەیکی سروشتی بۆتە هۆی دەولەمەندی ئابوری و کلتووری زیاتر و گەشەی زیاتر بە هەموا بوارەکان داوە. لە دۆخی هەرێمی کوردستانیشدا کە هاوڵاتیانی بەهۆی لێبڕین و دواکەوتنی موچەوە گرفتی دارایی گەورەیان بۆ دروست بووە، تاڕادەیەکی زۆر هاتنی عەرەبەکان بازار و ئابوری کوردستانی ڕاگرتووە و بگرە بە قسەی زۆرێک لە دوکاندار و خاوەن پرۆژەکان، گیانێکیان بە کڕیاری عەرەبیە کە کێشەی موچە لێبڕینی و نەدانی موچەی نیە، و توانای کڕینی وەک خۆی ماوە
٤) ئەم هەرێمە، هەرێمێکی دان پێانراوە لە لایەن عێراقە و هاوڵاتیانی هەرێم وەک هاوڵاتی عێراقی ناسێندراون و هەموو ئەو مافانەیان هەیە کە هەر هاوڵاتیەکی عێراقی هەیەتی. کوردێک دەتوانێت (وکردوێەتی) لە هەر شارێکی عێراقی نیشتەجێ بێت و زەوی و خانوو و دوکان بکڕێت (کە کڕیویانە و بەهەزاران کەسی کورد لە شارە جیاوازەکانی عێراق نیشتەجێن و دوکان و خانوی خۆیان هەیە)، هیچ لۆژیکی نیە بەهەمان شێوە عەرەبەکان خاوەنی ئەو مافە نەبن لەناو شارەکانی هەرێمدا بەبیانوی ترس لە گۆڕینی دیموگرافی کە لە هیچ مێژوویەکدا بە هۆی ئەم نێشتە جێبوون و هاتنە سروشتیە ڕووی نەداوە.
٥) راستە هەرێم خۆی بە دنیایەک کێشەی سیاسی و نادیموکراتی هێزەکانەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئێستاشی لەسەر بێت، هەرێم بۆ زۆر هاوڵاتی عەرەبی ناوچەیەکی ئارام و هێمن و شوێنێکی گەشتیاریە کە ڕووی تێدەکەن. چ بە هۆی ترسی ئاسایش و چ بەهۆی سیاسی و ئەو قەدەغە کردنە زۆرانەی لەناوچەکانی دی عێراقدا هەیە، و هەرێم بەشێک نیە لێی (لەوانە هەندێک ئازادی شەخسی و تایبەتی کە زۆر لە ژێر هەرەشەی هێزە دینیە توندڕەوەکانی عێراقدایە) و چ لەبەر ئارامی ناوچەکە و چ بە هۆی گەشتیاریەوە بێت، هەرێم بۆتە ڕاکێشەری سەرنجی زۆرێک لەو عەرەبانەی شێوە ژیانی هەرێمیان پی قەبوڵترە لەوەی خۆیان. هەموو ئەمانە پاڵیان پیوە دەنێت ڕوو لە هەرێم بکەن و لەناویدا بژین. ئەمەش نەک نابێت جێگەی مەترسی ئێمە بێت، بەڵکو دەبێت خاڵێکی گەش بێت کە شانازی پێوە بکەین.
٦) کورت و موختەخسەر بەهاتنی عەرەبەکان بۆ کوردستان بەم شێوەی سروشتیەی ئێستا کە ئەو پاڵنەرانەی لە پشتە کە باسم کرد (نەک سیاسەتی داڕێژاوری دەوڵەتيک کە دەزگاکانی بە زەبر ئەمکارە بکەن)، نەک پرۆسەی تەعریب ڕووا نادات، بەڵکو ئەوەی ئەگەری زۆرترە بە کوردستانی کردنی ئەو خەڵکەیە کە لەناویدا دەژین. ڕێک وەک کۆچی ئەو ملیونها کەسەی کورد بۆ شارەکانی ئەوروپا کە هەموانی کرد بە هاوڵاتی ئەو وڵاتانە، نەک بە کوردکردنی ئەو شارە ئەوروپیانە.