سەرۆک وەزیرانی عێراق: ئامۆژگاریی تڕەمپم کرد کە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران
12:34 - 22/07/2026
زەمەن - هەواڵ
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، ئامۆژگاریی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە کە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران، چونکە دانوستان
لە هەموو شتێک گرنگترە.
عەلی زەیدی، لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (زا ئاتلانتیک)ی ئەمریکی ڕاشیگەیاند: "پێویستە پەیوەندییەکانی
بەغداد لەگەڵ واشنتن لە شێوازە سەربازییەکەیەوە بگۆڕدرێت بۆ هاوبەشیی ئابووری،
چونکە ئەوە ئابوورییە پەیوەندی لەنێوان گەلاندا دروست دەکات، نەک ئامادەیی سەربازی
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە دەبێت عێراق ببێتە "خاڵی بەیەکگەیشتن،
نەک مەیدانی دوژمنکاری" لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا. ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ
بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە کۆنترۆڵکردنی چەک و حەسری لەدەستی دەوڵەتدا
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکراشی کرد کە گفتوگۆی لەسەر دامەزراندنی هاوبەشییەکی
وەبەرهێنانی 30 ساڵە لەنێوان عێراق و ئەمریکا کردووە کە لەسەر بنەمای وەبەرهێنان و
تەکنەلۆجیا بێت لەبری ئامادەیی سەربازی. هاوکات ڕایگەیاند، جەنگی کۆتایی و داخرانی
گەرووی هورمز زیانی گەورەیان بەر ئابووریی عێراق گەیاندووە و داوای لە وەبەرهێنەران
کرد کە وەک دەرفەتێکی بەپیت و ئایندەدار بڕواننە عێراق
تەمەنی زهیدی 41 ساڵە و گەنجترین سەرۆک وەزیرانی عێراقە. زهیدی کە کەسایەتییەکی سیاسیی دەرەوەی دامەزراوە باوەکانە و بازرگانێکی دەوڵەمەندە، سەر بە نەوەیەکە کە لەژێر کاریگەریی ئەو جەنگانەدا پەروەردە بوە کە عێراقی هاوچەرخیان سەرلەنوێ داڕشتەوە. لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا لەدایکبوە، کاتێک سەددام حسین هەوڵی قۆستنەوەی پشێوییە سیاسییەکانی ئێرانیدا لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی 1979.
زهیدی بەڵێنیداوە کە تا 30ی (ئەیلول/9)ی ئهمساڵ، گروپە چەکدارە سەربەخۆکان چەکەکانیان ڕادەست دەکەن یان لە ناو هێزە ئەمنییە رەسمییەکانی عێراقدا تێکەڵ دەکرێن. مانگەکانی داهاتو دیاری دەکەن ئایا روئیای زهیدی بەرگە دەگرێت لە بەرامبەر کۆنترین واقیعی ناوچەکەدا یان نا؟.