هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران لە دانانی کامێرای نوێ ئاگادار دەکاتەوە
01:56 - 02/06/2026
زەمەن_هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ئاگادارینامەییەکدا، شۆفێران ئاگاار دەکاتەوە لە دانانی چەند کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕەوی نوێ، لەسەر چەند شەقامێکی سەرەکی.
ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بۆ سەرجەم شۆفێرە بەڕێزەکان؛
1. لە ڕێکەوتی 7/6/2026 ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ – Point to Point) لەسەر ڕێگای (کەلار – کفری) و بەپێچەوانەوە دەکەونە کار و سەرپێچی خێرایی بەشێوەیەکی فەرمی تۆمار دەکەن.
2. ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکەین ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 7/6/2026 کاتژمێر ١٠ ی سەرلەبەیانی ئەو کامێرایانەی کە پێشتر لە ڕێگای دەرەوەی شار بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ – Point to Point) کاریان دەکرد بەشێکیان دەگۆڕێن بۆ سیستەمی ( یەک خاڵ – One Point) بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
• کامێرای یەکەم و کۆتایی ڕێگاکانی تاسڵوجە – دوکان وە بە پێچەوانەوە، هەروەها کامێرای یەکەم و کۆتایی تاسڵوجە – چەمچەماڵ وە بە پێچەوانەوە، بەهەمان شێوە کامێرای یەکەم و کۆتایی ڕێگای هوانە – وارماوە وە بەپێچەوانەوە، کامێرای یەکەم و کۆتایی ڕێگای عەربەت - پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن وە بە پێچەوانەوە و کامێرای یەکەم و کۆتایی کەلار – کفری وە بە پێچەوانەوە.
• کامێرای ڕێگای تاسڵوجە – چەمچەماڵ (ناو تەکیە)
• کامێرای ناو قەزای چەمچەماڵ بەهەردوو ئاڕاستەکە.
• کامێرای عەربەت – هەڵەبجەی شەهید (بەردەم گوندی گرێزە)
• کامێرای ناو عەربەت بە هەردوو ئاڕاستەکە.
تێبینی:
لە ئێستادا ڕێگای تاسڵوجە ـ دووکان هەروەها تاسڵوجە ـ چەمچەماڵ هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ ئۆتۆمبێلی گەورەو بچووک دانراوەو کاریان پێ دەکرێت.
پابەندبوونتان بە خێراییە دیاریکراوەکان و دوورکەوتنەوەتان لە سەرپێچی و سەرکێشی دەتانپارێزێت لە لێپرسینەوەی یاسایی و دەرهاویشتەی ڕووداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان.