17 کوردستان

مەسعود بارزانی: "پۆستی سەرکۆمار موڵکی لایەنێک نییە و پێویستە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات"

04:17 - 29/12/2025

زەمەن - هەواڵ
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی ڕایدەگەیەنێت کە چیتر نابێت لایەنێکی سیاسی لە هەرێم پۆستی سەرکۆمار بە موڵکی خۆی بزانێت و ئەو پۆستە پێویستە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات.

 لە پەیامێکدا بۆ ڕای گشتی، مەسعود بارزانی لەسەر مشتومڕەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق کە بە پێی نەریتێکی سیاسی پشکی کوردە، قسەی کردووە.

بارزانی ڕایگەیاندووە: "لەبارەی پۆستی سەركۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەركۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەركۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت".

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی چۆنییەتی هەڵبژاردنی پۆستی سەرکۆمار لە نێوان لایەن کوردستانییەکانی بەوە شێوەیە داوە، "میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن".

بارزانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە مەرج نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار دیاری دەكرێت ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت یان یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت و ڕایگەیاندووە، "دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن