حکومەتێکی سەرکەوتوو دروست بکەین؟
12/26/2025 9:20:00 PM
د.کۆسار عەلی عومەر
لە هەر بوار و سێکتەرێکدا بێت، سەرچاوەی
مرۆیی داینەمۆ و هێزی سەرکەوتنی هەموو پڕۆژەیەکە. کلیلی سەرکەوتنی هەر دام و دەزگایەک
(بازرگانی، حکومی، رێکخراوەیی) لە لای بەرپرسیار و ئەو تیمەیە کە بەڕێوەی دەبات ،
لەبەر ئەوە زۆر گرنگە کە بزانرێت کێ دادەنرێت و بۆ چ مەبەست و کارێک دادەنرێت.
ڕاستە تا ئەم کاتە حزبەکان نەگەشتونەتە
ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەڵام درەنگ بێت یان زوو هەر پێیدەگەن ، بۆیە ئەم
نوسینەم بۆ ئەو کاتەیە:
ئێستا هەرێمی کوردستان سەرەڕای چەندین گۆڕانکاری
ناوخۆیی لە پۆستە کارگێڕییەکاندا ، لەبەردەم پێکهێنانی دوو کابینەی حکومەتدایە
(حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق) ، لەم پرۆسەیەدا دەبێت ئەوە بە هەند وەربگیرێت کە
هەڵبژاردنی کەسەکان بۆ پۆست و پێگەکان چارەنوس و شوناسی حوکمەتی داهاتوو دیاری دەکات
، چونکە دیدگاکانی ئەوانە لە ئایندەدا دەبێتە بناغەی پلان و کارەکانی داهاتووی ناو
حکومەت. بۆیە زۆر گرنگە بۆ پڕکردنەوەی پێگەکانی بڕیاردان ، هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو
جەخت لەسەر گرنگی سەرچاوەی مرۆیی بکرێتەوە و بەدوای خەڵکی شارەزا و پسپۆڕ و دڵسۆزدا
بگەڕێن کە لەپاڵ بڕوانامەدا ، ئەزموون و شارەزایی باشی هەبێت.
بە گەشبینیەوە چاوەڕوانم
خاوەن بڕیارەکان لە حیزب و حکومەتدا لە هەڵبژاردنی کەسەکاندا پشت بە کۆمەڵێک پێوەر
و ستانداردی گرنگی بواری بەڕێوبردن ببەستن و ئەوەیان لە لا ڕوون و ئاشکرابێت کە مرۆڤە
بەتواناکان هەمیشە ئەمەکدارتر و وەفادارتر و بەخزمەتتر ئەبن بۆ خەڵک و حکومەت و حیزبەکەشیان
، پێچەوانەکەشی دەبن بە لەکە و گیرفان پڕکەر و لە ئەنجامیشدا مۆرکێکی ناشرین دەبن
لەسەر حوکمەت و حزبەکەشیان.