32 عیراق

وەزیری ژینگەی عێراق: "پێویستە بە پڕۆژەی گەورە ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە"

02:54 - 11/12/2025

زەمەن:-

 

وەزیری ژینگەی عێراق، د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لە دۆخی ژینگەی عێراق و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر وڵات کرد و، ئاشکرای کرد کە عێراق لە ئێستادا لە ڕووی ژینگەییەوە یەکێکە لە پێنجەم پیسترین وڵاتی جیهان.

سەبارەت بە دۆخی وشکەساڵی و ژینگە لە عێراقدا و ڕێگەکانی چارەسەر، د. هەڵۆ ڕایگەیاند: "زۆر بەداخەوە کەشوهەوای عێراق لە کەشێکی ئارام و ئاسوودەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەمەیش دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە گۆڕانکارییەکان بەسەریدا هاتووە".

د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری ئاماژەی بە گۆڕانکارییە سەرەکییەکان کرد کە بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی ڕێژەی باران و بەفر، نزمبوونەوەی ئاستی ئاو لە دیجلە و فورات، کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی و زیادبوونی بە بیابانبوون. گوتیشی: "ژمارەی دانیشتوانی عێراق کە لە ئێستادا لە ٤٥ ملیۆن زیاترە، ئەمە هەمووی پێویستی بە وزە و هاتوچۆ و چالاکیی جیاواز هەیە و زبڵ و خاشاکێکی زۆریش پەیدا دەکات. ئەمانە هەمووی وای کردووە کە ژینگەی عێراق بە شێوەیەکی گشتیی بگۆڕێت".

-بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بە پڕۆژەی نوێ

وەزیری ژینگەی عێراق، ئەوەیشی خستەڕوو کە وەزارەتەکەیان ستراتیجێکی تۆکمەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە داناوە و بەشداریی نێودەوڵەتییان هەیە بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونەکانی جیهان لە بەڕێوەبردنی پاشماوە، ئیدارەدانی ئاو، پاکژکردنەوەی ئاوەڕۆ و بایەخدان بە وزە نوێبووەکان.

سەبارەت بە پڕۆژە کردەییەکانیان، وەزیری ژینگەی عێراق گوتی: "لەکاتی ئێستادا پڕۆژە زۆر زۆرە کە لە ناو وەزارەتی ژینگەی عێراقدا کردوومانە، بەتایبەتی پڕۆژەی یەکەممان کە دەستمان پێکردووە بۆ چاودێریی هەوای بەغدا. ئەمە وامانکردووە کە لە چەندین شوێن وێستگەی چاودێری دادەنرێت بۆ ئەوەی بتوانین چاودێریی هەوای بەغدا بکەین".

-مامەڵەکردن لەگەڵ پاڵاوگە و کارگەکاندا

سەبارەت بە کاریگەریی کارگە و پاڵاوگەکان لەسەر پیسبوونی ژینگە، د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری، باسی لەوە کرد کە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو چالاکییانەی پیسکەری ژینگەن، بەپێی یاسا و ڕێنمایی دەبێت و، گوتی: "ئێمە لە عێراق یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ٢٠٠٩مان هەیە، یاسای بەرگریی کردن و چاکردنی ژینگە. ئەو یاسایە ماددەی سزای تێدایە کە وا دەکات سزای ئەو پیسکەرانە بدرێت کە ئاگادار دەکرێنەوە و لەگەڵیشیدا غەرامە دەکرێن، سزاکە تا زیندانی کردنیش دەچێت".

وەزیری ژینگەی عێراق، د. هەڵۆ مستەفا عەسکەری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستیی وڵات بەو کارگە و پاڵاوگانە هەیە بۆ گەشەکردن، بەڵام دەبێت لەسەر حیسابی ژینگە نەبێت.

-عێراق لە لە ڕووی ژینگەییەوە پێنجەم پیسترین وڵاتی جیهانە

سەبارەت بە پێگەی عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە لەسەر ئاستی جیهان، د. هەڵۆ مستەفا ڕایگەیاند: "عێراق بەپێی ئەوەی کە لە جیهاندا پۆلێن کراوە، عێراق لە ڕووی ژینگەییەوە یەکێکە لە پیسترین پێنجەم وڵاتی جیهان. لەبەرئەوەی کە هەر ئەوە نییە پیسبوونەکە لە ئەنجامی چالاکیی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو لە گۆڕانی کەشوهەواشەوە سەرچاوەی گرتووە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕی ئەو بوودجەیەی بۆ ژینگەی وڵات دابین کراوە کە ئایا لە ئاستی پێویستدایە؟ وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند: "هەموو شتێک دەبێت لە سەرەتاوە دەستپێبکات، ئیتر ئێمە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردووە و چەند هەنگاوێکمان ناوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی ئەو هەنگاوانەوە وردە وردە پڕۆژەکان گەورەتر و فراوانتر بکەین".

وەزیری ژینگەی عێراق سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان و کارکردنیان لە پرسی ئاووھەوا لەگەڵ تورکیا ڕایگەیاند: "تورکیا وڵاتێکی دراوسێیە و بە حوکمی دراوسێتی ئێمە گفتوگۆمان ھەیە و مامەڵەمان لەگەڵ یەکدا ھەیە تا بتوانین لەسەر ئاستی ژینگەیی ھەردوولامان کارێکی وا بکەین ژینگەی ناوچەکە بپارێزین، جا لە پرسی ئاودا یان ھەوا یاخود پڕۆژەکانی دیکەدا بێت".

لە کۆتاییدا وەزیری ژینگەی عێراق پەیامێکی ئاڕاستەی هاووڵاتیان و دانیشتوانی وڵاتەکەی کرد و، ڕایگەیاند: "پەیامم بۆ هەمووان ئەوەیە چۆن دەتوانین ماڵی خۆمان بپارێزین با وا بکەین بە هەموومان ژینگەی وڵاتەکەشمان بیپارێزین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن