11وتار

ئایا لێکردنەوەی سفرەکانی دینار چی لە ڕەوشی خەڵک دەگۆڕێت؟

8/25/2026 12:21:00 PM
محەمەد حسێن

یەکەم وەڵامی ئەم پرسیارە "هیچ"ـە؛ چونکە ئەگەر پرۆسەکە تەنها لێکردنەوەی سفرەکان بێت، وەک ئەوەی کە هەندێک لە بەرپرسانی دەوڵەت تا ئێستا وتوویانە، لە ڕاستیدا هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و بەهای دینار هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئێستا ١ دۆلار بە ١٣٠٠ دینارە، ئەو کات دەبێتە ١ دینار و ٣٠٠ فلس. ئەمە تا ئەو کاتەی ئەگەر پرۆسەکە تەنها لێکردنەوەی سفرەکان بێت.

بەڵام، ئەگەر لە پەنای لێکردنەوەی سفرەکاندا، بانکی ناوەندی بیەوێت بەهای دینار دابەزێنێت، بۆ نموونە ١ دینار و ٤٠٠ فلس بەرامبەر هەر دۆلارێک، ئەوا ئەمەیان بابەتێکی ترە. بێگومان کەمکردنەوە، یان زیادکردنی بەهای دینار کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بازاڕ و بژێوی خەڵک، و ئاستی هەڵاوسان و زۆر ڕەهەندی دیکەی ئابووریی عێراق بە باش و بە خراپ دەگۆڕێت.

کەواتە پێویست ناکات کەس لە پرۆسەی لابردنی سفرەکانی دینار بترسێت. ئەمە بابەتێکی تەکنیکی و کارگێڕیی تایبەت بە بانکی ناوەندیی عێراقە. نە گرنگە و نە پێویست دەکات کەس خەمی بخوات، نە ترسناکە و نە کاریگەریی دەبێت بۆ هیچ گۆڕانکاری و پرۆسەیەکی ئابووری و سیاسی. لە ڕاستیدا ئەمە دەرەنجامێکی ڕوونی دەستبەتاڵی و بێکاریی بانکی ناوەندییە.

ڕاستە عێراق تووشی ڕستێک قەیرانی ئابووری و دارایی بووە بەهۆی تەنگژەکانی ناوچەکە، پشت بەستن بە نەوت بە بەردەوامی و کورتهێنانی دارایی دەوڵەت و دواتریش گەندەڵیی پیاوانی دەوڵەت و چینە حاکمەکە، بەڵام هیچ کام لەم گرفتانە بە گۆڕینی شێوەی دینار چارەسەر نابێت.

بەرپرسانی بانکی ناوەندی باس لە کۆمەڵێک ئامانج دەکەن لە پشت لابردنی سفرەکانی سەر دینارەوە، وەک هێنانەوەی پارەکان بۆ ناو سیستەمی بانکی و کەمکردنەوەی بڕی دراوەکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی بانکەکان، بەڵام هیچ شتێک گرەنتی ئەوە ناکات کە ئەم ئامانجە بەم گۆڕینەی فۆرمی دینار بێتە دی. با گەشبین بین و بلێین انشالله سەرکەوتوو دەبن. 

دواقسە ئەوەیە کە لابردن، یان هێشتنەوەی سفرەکانی سەر دیناری عێراق بە تەنها روداوێکی بێ ماناو بێ تام و ناکاریگەرەو هەق نیە هیچ پەرلەمانتار و سیاسی و میدیاکارێک سەری خەڵکی پێوە بئێشێنێت. ئەم نوسینەی منیش دوای ئەوەهات کە ژمارەیەک دۆست و هاوڕێم لە رۆژانی رابردوودا پرسیاریان لێ کردم لە بارەی گرنگی و کاریگەری ئەم بڕیارە لەسەر ژیان و سامانەکەی ئەوان.

ئەمە تا رادەیەک هاوشێوەی ئەو مشتومڕە نەزۆک و بێ ناوەڕۆکەیە کە خەڵکانێکی دەست و پێ سپی لە سەر جیاوازیەکانی نێوان تەوتین و هەژماری من گەرمیان کردبوو.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن