15وتار

هونەر نابێت ببێتە بازاڕی فرمێسک و لایک

8/22/2026 1:28:00 PM
ئەحمەد مەحمود ئەمین

میدیا دەتوانێت کۆمەڵگا دروست بکات؛ بەڵام میدیای بێ‌ پرەنسیپ دەتوانێت کۆمەڵگا و کەرامەتی مرۆڤ لەکەدار بکات و ئابڕووی ببات…

ئەمڕۆ بە نیگەرانییەوە دەبینین “کە هەندێک لە میدیای ناوچەکەمان بۆ بەدەستهێنانی لایک، کۆمێنت و بینەر، دەچنە سەر بابەتە تایبەتی و هەستیارەکانی ژیانی هونەرمەندان. هەندێک جار هونەرمەندێک دەهێننە پڕۆگرام و ستۆدیۆکەو دیدارەکە دەکەنە شوێنی گریانی و ئاشکراکردنی ئازارە تایبەتییەکانی؛ هەندێک جاریش  دۆخی نەخۆشی، تەنگانە و هەژاری و داماویی و دژوار ژیانیان، بە شێوەیەک پیشان دەدەن کە کەرامەت و تایبەتمەندیی مرۆڤەکە دەخاتە مەترسییەوە.”

من ئەم نیگەرانییەم چەندین جار بە پەیوەندیداران، وەزارەتی ڕۆشنبیری، سەندیکای هونەرمەندان، حکومەت و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ گوتووە؛ لەڕێی نامەی کراوەوە لە سۆشیال میدیای تایبەتی خۆم پۆستم کردووە و راستەخۆش بە بەڕێوەبەری کەناڵەکانم ووتوە، بەڵام بەداخەوە کێشەکە هەر دووبارە دەبێتەوە.

ئێستا پێویستە پێتان بڵێین بوەستن! ڕیکۆرد مەکەن سووکمان مەکەن ئێمە سەنگینین…
هونەرمەند مرۆڤە، نەک بابەتێکی میدیایی بۆ بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت. نەخۆشی، هەژاری، کێشەی خێزانی و ئازاری تایبەتیی هیچ مرۆڤێک نابێت ببێتە ناوەڕۆکی پڕۆگرامێک تەنها بۆ زیادکردنی بینەر.

پێویستمان بە سیاسەت و ڕێسایەکی ڕوون هەیە  بۆ میدیا ؛ ڕێسایەک کە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، سنووری نێوان هەواڵ و ژیانی تایبەتی دیاری بکات، بۆ ئاشکراکردنی نەخۆشی و کێشە تایبەتییەکان ڕێوشوێنی پیشەیی دابنێت، بەبێ ئەوی لە میدیا پیشان بدرێت ئەرکی خۆتان بەجێ بهێنن و میدیا لە بەکارهێنانی ئازاری مرۆڤ بۆ لایک و کۆمێنت دوور بخەنەوە.

ئەمە دژایەتیی میدیا نییە؛ بە پێچەوانەوە، بانگەوازێکە بۆ میدیایەکی پیشەییتر، مرۆییتر و بەرپرسیاری تر.

میدیا دەتوانێت کۆمەڵگا دروست بکات، هۆشیاری زیاد بکات و دەنگی بێدەنگان بگەیەنێت؛ بەڵام ئەگەر بێ سنوور و بێ پرەنسیپ بەکاربهێنرێت، دەتوانێت کەرامەتی مرۆڤ بشکێنێت و زیان بە کۆمەڵگا بگەیەنێت. وەک ئەو میدیای کە ئێستا کەرامەتمان ئەشکێنێ و دەسەڵاتیش هەمیشە پاڵپشتیانە

هونەرمەند پێویستی بە ڕێز و پشتگیرییە، نەک بە بازارکردنی ئازارەکانی.

پێویستە لە ئێستاوه پرەنسیپ و یاسا دابنرێت؛ چونکە کاتێک کەرامەتی مرۆڤ دەکەوێتە بەرامبەر لایک و کۆمێنت، هەموومان دەبێت بڵێین: بەسە….


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن