41 کوردستان

کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێم دەستبەکار دەکەنەوە

02:09 - 25/08/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 کۆمپانیا گەڵف کیستۆن، ڕایگەیاند: دوای راگرتنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان، لە ٢٠ی تەمووز، سەرلەنوێ دەستیان بە کارکردووەتەوە.

 ئەمڕؤ سێشەممە، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦،  کۆمپانیا گەڵف کیستۆن، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەربەخۆکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتی دارایی و کارپێکردنی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ی بڵاوکردەوە و ئاشکرایدەکات، دوای راگرتنی کارەکانیان لە ٢٠ی تەمووز، سەرلەنوێ دەستیان بە کارکردووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات سەرەڕای ئاستەنگە ئەمنییەکانی ناوچەکە و راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان، توانیویانە پارێزگاری لە سەقامگیریی داراییان بکەن و بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاریش وەک قازانج بەسەر خاوەن پشکەکانیاندا دابەش دەکەن.

جۆن هاریس، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند: ئاستی کارپێکردن و دارایی کۆمپانیاکەیان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەرگەگرتنی بەهێزی نیشانداوە لە بەرامبەر ئەو پشێوییە گەورانەی کە لە ناوچەکەدا دروستبوون. ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی درێژکردنەوەی رێککەوتنی کاتیی هەناردەکردنی نەوتەوە، بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دەستیپێکردووەتەوە و رێژەکەی روو لە زیادبوونە بۆ گەیشتن بە ئاستەکانی پێشوو.

بەپێی راپۆرتەکە، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانە لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا نزیکەی 14 هەزار و 600 بەرمیل بووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشتر (44 هەزار و 100 بەرمیل) کەمیکردووە. ئەمەش بەهۆی ئەو راگرتنە خۆپارێزییەوە بووە کە لە نێوان 28ی شوبات بۆ 23ی حوزەیرانی 2026 بەهۆیکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە روویداوە. دواتر لە 16ی ئابی ئەمساڵدا بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان دەستیپێکردووەتەوە و لە ئێستادا قەبارەی بەرهەمهێنان لە 40 هەزار بەرمیلی رۆژانە نزیک دەبێتەوە.

لە رووی داراییەوە، کۆمپانیاکە ئاشکرایکردووە کە داهاتەکەی لە شەش مانگی یەکەمدا 82.8 ملیۆن دۆلار بووە و تێکڕای نرخی فرۆشراویش 83.5 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها خەرجییە کارپێکردنەکانیان بەڕێژەی 25٪ کەمکردووەتەوە. راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە رێککەوتنی کاتیی سێقۆڵی نێوان کۆمپانیا بیانییەکان، حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە و تا کۆتایی کانوونی دووەمی 2027 درێژکراوەتەوە، ئەوەش بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی درێژخایەن لەسەر بنەمای نرخی نێودەوڵەتی نەوت. کۆمپانیاکە تاوەکو 24ی ئابی 2026، بڕی 63.5ملیۆن دۆلار پارەی کاشی لەبەردەستدا بووە و هیچ قەرزێکی لەسەر نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن