بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە کردار روبەڕوی ئەوانە دەبینەوە کە توندوتیژی دژی ژنان دەکەن
01:28 - 25/11/2025
زەمەن - هەواڵ
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەر شوێنێک پێویست بکات پارێزەری مافی ژنان دەبن و بە کردار روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.
لە پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوی رێزەوە لە پێگەی ژنانی ئازا و جوامێری گەلەکەمان دەڕوانن و هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبن بۆ پاراستنی ماف و هێنانەدی خواستەکانیان، چونکە ژنان بەشێکن لە سەروەری و شانازییەکان و رۆڵیان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا دیار و بەرچاو بووە.
سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردۆتەوە کە تەنها بە قسە نا، بەڵکو بە کردار پشتیوانی ژنان دەکەن و دەڵێت: "بە کردار روبەڕوی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە دەبنە مایەی بێزارکردنی ژنان و توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن."
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای بەرزڕاگرتنی رۆڵی ژنانی پێشەنگ لە نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردەواریدا، دووپاتی دەکاتەوە کە یەکێتی هەمیشە پاڵپشتی ژنان دەبێت و هاوکار دەبێت بۆ هێنانە پێشەوەی زیاتری ژنان لە تەواوی کایەکاندا.