موراد قەریلان: سەدان ساڵە گەلی کورد بە دوای سەرکردەیەکدا دەگەڕێت و ئێستا ڕێبەر ئاپۆیان دۆزیوەتەوە
06:45 - 24/11/2025
زەمەن پرێس:
موراد قەرەیلان
فەرماندەی پێشووی گشتی هەپەگە ڕایدەگەیەنێت، ئۆجەلان کەسێکی ئاسایی نییە،
سەرکردەیەکی ئاسایی حزبێک نییە، گەلی کورد سەد ساڵە چاوەڕێی ڕابەرێکە، چاوەڕێی
زانا و پێشەنگێکە. بۆشایی سەرکردایەتی لە کوردستاندا هەبوو ئۆجەلان پڕی کردەوە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا
لەگەڵ تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی، موراد قەرەیلان فەرماندەی پێشووی گشتی هێزەکانی
پاراستنی گەل، جارێکی دیکە جەختی کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی
دیموکراتی لە تورکیا بەرەو پێش بچێت، پێویستە ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بکرێت. گەلی
کورد لە یاساکانی کۆماری تورکیادا جێگەی خۆی هەبێت.
قەرەیلان سەردانی
کۆمسیۆنی پەرلەمانی تورکیای بۆ ئیمرالی بە گرنگزانی، لەبەرامبەردا رەخنە لە جەهەپە
گرت کە بەشداریی شاندی کۆمسیۆنەکەیان نەکردووە و رایگەیاند: جەهەپە لە ساڵانی
ڕابردوودا وێنەیەکی وڵاتی وەک دۆستێکی کورد پێشکەش دەکات، لە بەرژەوەندی چارەسەر و
دیموکراسی و ئاشتی، بەڵام ئەو هەڵوێستەی لە کۆمسیۆنەکەدا نیشانیدا، دژی ئەم
وێنەیەیە. پێویستە جەهەپە بەخۆیدا بچێتەوە و دان بە هەڵەکەیدا بنێت و تۆبە بکات.
فەرماندەی گشتی
هەپەگە پێیوایە؛ ئۆجەلان کەسێکی ئاسایی نییە، یان سەرکردەیەکی ئاسایی حیزبێک نییە
و لەوبارەیەوە زیاتر دەڵێت: "گەلی کورد سەد ساڵە چاوەڕێی ڕابەرێکە، چاوەڕێی
زانا و پێشەنگێکە. ئەحمەدی خانی لە سەردەمی خۆیدا باسی ئەم بابەتە دەکات و گلەیی
دەکات. بە واتایەکی تر بۆشایی سەرکردایەتی لە کوردستاندا هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ پڕی
کردەوە. بە بیرۆکە و تیۆرییەکانی و پراکتیزەکردنی لە دەرەوە و زیندان و ئەو
پارادایمەی کە دروستی کرد، هۆشیارییەکی دیموکراسی و نەتەوەیی لە کۆمەڵگادا
دروستکرد. گەلی کوردی لە نەبون ڕزگار کرد و وای لێکرد بوونی هەبێت."
موراد قەرەیلان
دەڵێت: کەسێک ئۆجەلان نەبینێت ناتوانێ هەڵوێستی هەبێت سەبارەت بە گەلی کورد.
نابینن سەدان ساڵە گەلی کورد بە دوای سەرکردەیەکدا دەگەڕێت و ئێستا ڕێبەر ئاپۆیان
دۆزیوەتەوە.
فەرماندەی گشتی
هەپەگە ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک لایەن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەن نایانەوێت
کێشەی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، چونکە زۆرێک لە هێز و
بازنە و تاکەکان سودمەندن لە شەڕی ئێستا، بازنەی زۆر هەن چ لەدەرەوەی وڵات،
بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەوڵەتە گەورەکان، چ لە ناوخۆی تورکیادا کە قازانج لە شەڕ
دەکەن و بژێوی ژیانیان لە خوێنڕشتن پەیدا دەکەن.
موراد قەرەیلان جەختی
کردوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی توانایەکی سەربازی گەورەیان هەیە، توانای خستنەخوارەوەی
پێشکەوتوترین فڕۆکەی تورکیایان هەیە و ئەمساڵ دوو فڕۆکەی ئاکێنجی تورکیایان
خستووەتە خوارەوە، بەڵام دەیانەوێت لە ڕێگەی دیالۆگ و سیاسەتەوە کێشەی کورد
چارەسەر بکەن. کۆتاییان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری هێنا و پەکەکەیان هەڵوەشاندەوە
"ئێمە ئەمەمان نەکرد لەبەر ئەوەی لاواز بووین، ئەمەمان کرد لەبەر ئەوەی
چارەسەرمان دەوێت."
لە بەشێکی دیکەی
چاوپێکەوتنەکەدا موراد قەرەیلان دەڵێت: تا مەسەلەی کورد لە تورکیادا هەبێت، نە
دیموکراسی بەرەوپێش دەچێت و نە ئابوری چاک دەبێتەوە. چونکە ئەم بابەتە پرسی هەموو
تورکیایە. ووتیشی: "هەرکەسێک دەیەوێت پێشکەوتن لە تورکیا ڕووبدات، ئابوری
بگەڕێنێتەوە و دیموکراسی دابمەزرێنێت، پێویستە پێش هەموو شتێک بە دروستی لە
چارەسەری سیاسی نزیک بێتەوە. پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە ئۆجەلان
دەستیپێکرد، زۆر گرنگە دەبێت پشتیوانی لێبکەن و تەنیا بەم شێوەیە دەتوانرێت
بەرژەوەندییەکانی تورکیا بپارێزرێت."
فەرماندەی گشتی
هەپەگە ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە هەمووان بە بەشەکانی تریشەوە بزانن ئەم کارەی
ئاپۆ ئەنجامی دەدات تەنها بۆ کوردانی باکور نییە، بەڵکو بۆ هەموو کوردە، چونکە
ئەگەر دەوڵەتی کۆماری تورکیا بە شێوەیەکی یاسایی کورد قبوڵ بکات، ئەوا دەتوانێت
دۆست و هاوکاری لەگەڵ کوردانی دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش بکات. دەوڵەتی تورک
نابێت لە کورد بترسێت. بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئێستا ترسی هەیە، پەیوەندییەکانی
لەگەڵ باشوور و بەشەکانی دیکە لە ئاستێکی تاکتیکیدایە. دەکرێت ئەو جۆرە
پەیوەندییانە نەمێنن.
لە کۆتایی
چاوپێکەوتنەکەیدا قەرەیلان دەڵێت: "ئاپۆ تا ئەمڕۆ کۆمەڵێک هەنگاوی بوێرانەی
ناوە ئێمە پێمان وایە ئەو هەنگاوانەی لەم کاتەدا دەینێت، بۆ پێشەوەیە، واتە گەلی
کورد و بزووتنەوەکەمان سەرکەوتوو دەبێت."