11وتار

دڵم لای شێرزاد حەسەنە

11/24/2025 4:22:00 PM
مەریوان وریا قانع

لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە، من، شێرزاد حەسەن دەناسم، کاتێک چیرۆکی «ڕیشۆلە»م خوێندەوە هەستمکرد لەبەردەم نووسەرێکی گەورە و دەگمەندام. کە یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی «تەنهایی»شی بڵاوکردەوە، ئەم رایەم زیاتر لەلا چەسپا. خۆ کە «گوڵی رەش» بڵاوبووەوە، لای من شەرزاد حەسەن بوو بە یەکێک لە نووسەرە هەرە گرنگەکانی ناو ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمی میلتی ئێمە. یەکەمیان نووسینی رەخنەیی منیش هەر لەسەر کۆمەڵە چیرۆکی «گوڵى رەش» بوو. 

ساڵانێک دواتر کاک شێرزاد بوو بە یەکێک لە هاورێ هەرە نزیکەکانی من. کەسێک لە کاتی تەنگانەدا دەتتوانی پەنای بۆببەیت. کەسێک بوو پڕ لە متمانە و خواست و ویستی هاریکاریی و بەدەمەوەچوون. 

بۆ نەوەی من، نەوەیەک لە کۆتایی سالانی هەشتا و سەرەتای نەوەدەکاندا، هاتینە ناو دونیای رۆشنبیریی کوردییەوە، شێرزاد حەسەن، سەرجاوەی ئیلهام و لێوەفێربوون. نووسەرێکی راستگۆ و وردبین، خاوەنی هەستێکی ئینسانیی گەورە و  هەڵگری دیدگایەکی رەخنەیی پشکنەر بۆ کۆمەڵگا. 

زۆر بەداخەوە کاک شێرزاد ئێستا  بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لە نەخۆشخانەیە...خۆشحاڵانە پزیشکەکان دەڵێن دۆخەکەی مەترسیدار نییە.

کاکە شێرزادی ئازیز، دڵی من و دڵی هەزاران خوێنەرت لەلایە. تکایە هیچت لێنەیەت، سەرەتا لە بەرخۆت و دواتر لە بەر هەموو ئازیزانت، ئینجا لەبەر ئەو هەموو خوێنەرانەی ئەدەبیاتی تۆ شتێکیان لەسەر خۆیان جیهان و سەردەمەکەیان، پێدەڵێت.
بەهیوای چاکبوونەویەکی خێرا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن