کۆبوونەوەی شاندی کۆمسیۆن و ئۆجالان لە ئیمرالی کۆتایی هات
06:56 - 24/11/2025
زەمەن پرێس
کەمێک پێش ئێستا شاندی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمانیى تورکیا کە بۆ چارەسەری
پرسی کورد دامەزراوە، پاش ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی گەڕانەوە.
شاندەکەی کۆمسیۆن پێکهاتوون لە (گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری
هاوسەرۆکانی دەم پارتی، فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە و لە ئاکەپەش حسێن
یامان).
تا ئێستا لەبارەی دیدارەکەیانەوە شاندەکە هیچ زانیارییەکیان
نەخستووەتەڕوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لەوبارەیەوە راگەیاندراوێک
بڵاو بکەنەوە.
لەلایەکی
دیکەوە، ئەمڕۆ سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بۆ
ڕۆژنامەنووسان لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەفریقای باشوور وتی: بڕیاری کۆمیسیۆنی
پەرلەمان بۆ سەردانیکردنی ئۆجالان لە ئیمرالی ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنی
پڕۆسەیەکی نوێ.
ئەردۆغان
ئاماژەی بەوەدا، کە ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و بەردەوامیی
گفتوگۆکانی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە هاتۆتە ئاراوە و وتیشی: “گفتوگۆی نزیکمان
لەگەڵ باخچەلی و هاوڕێکانمان لە مەهەپە هەیە و هەروەها لەگەڵ شاندی دەم پارتیش لە
ماوەیەکی دیاریکراودا دیدار ئەنجام دەدەین، بەم مۆدێلە کارکردنە، پڕۆسەکەمان تا
ئێستا بەبێ گرفت هێناوە.
سەرۆکی
دەوڵەتی تورک جەختی لەسەر ڕۆڵی کۆمیسیۆنەکە کردەوە و وتی: “کۆمیسیۆنەکە بە
سەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان کارێکی گرنگی ئەنجامداوە، ئێمەش هەموو جۆرە
یارمەتی و پشتیوانییەکمان پێشکەش بە کۆمیسیۆنەکە کردووە.”