14 کوردستان

قوباد تاڵەبانی: کورد نەتەوەیەکی بە شانسە

02:55 - 25/11/2025

زەمەن:-

 

 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە نوێترین بڵاوکراوەیدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت: کورد نەتەوەیەکی بە شانسە کە خاوەنی کولتوورێکە سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی، بەڵام دەوڵەمەندە بە رێزگرتن لە پێگەی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

 

دەقی بڵاوکراوەکە:

 کورد نەتەوەیەکی بە شانسە کە خاوەنی کولتوورێکە سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی، بەڵام دەوڵەمەندە بە رێزگرتن لە پێگەی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا. ئەو ئازایەتییەی ژنانی خەباتکاری کورد کە جیهانیان سەرسام کردووە، بەشێکی گرنگی سەرچاوەی گرتووە لەو کولتوورە دەوڵەمەندەی وا پیاوەکان سەری رێز و شکۆ لە ئاست ژنانی ئازا و ئازاددا دادەنوێنن.

لەم رۆژەدا جەخت دەکەینەوە کە پێویستە بە ئیلهام وەرگرتن لە کولتووری رەسەنی خۆمان و هەروەها بە خۆگونجاندن لەگەڵ روحی سەردەم و بەها و پێشکەوتنە جیهانییەکان، کۆمەڵگەکەمان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان پاک بکەینەوە و هاوکات لەگەڵ پتەوکردنی دامەزراوەی خێزانی تەندروست، زەمینە بڕەخسێنین بۆ بەشداریی گەورەتری ژنان لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لە وڵاتەکەماندا.

دروشمی جیهانیی ئەمساڵ یەکگرتنە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان. بە داخەوە ساڵانێکە لە کۆمەڵگای ئێمەشدا بە شێوەی جۆراجۆر ئەم دیاردەیە پەرەی سەندووە، هەربۆیە جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی پێکەوەکارکردنی هەموومان بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە بۆ دانان و جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ کۆتاییهێنان بەم جۆرە لە توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن