تەکسی ئاسمانی بەکاردەهێنرێت
04:59 - 24/11/2025
زەمەن _ جیهانی
کۆمپانیا چینییەکان، لە پێشەنگیاندا کۆمپانیای "ئی هانگ"، کار لەسەر پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کۆپتەری بچووکی بێسەرنشین دەکەن. ئامانجیان گۆڕینی شێوازی گواستنەوە و گەیاندنە.
ئەم تەکنەلۆژیایە لە داهاتوودا وەک تەکسی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی مرۆڤیش بەکاردەهێنرێت، کۆمپانیای ئی هانگ مۆڵەتی فەرمی لە ئیدارەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی چین وەرگرتووە.
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، هێ تیانکسینگ، وتی، پلانیان هەیە سەربانی مۆڵ، قوتابخانە و پارەکان وەک تێرمیناڵ و وێستگەی هەستان و نیشتنەوە بەکاربهێنن. دەکرێت لە تەنیشت گەراجی ماڵەکانیشەوە سەکۆی نیشتنەوە دروست بکرێت.
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئی هانگ توانای بڕینی مەودای 30 کیلۆمەتریان هەیە و خێراییان دەگاتە 130 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. ئەم داهێنانە وەک چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی شەقامەکان چاوی لێ دەکرێت.
کۆمپانیاکە هێشتا دەستی بە گەشتی بازرگانی نەکردووە، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە 20 شاری چین وێستگەی هەستان و نیشتنەوەی دامەزراندووە.
پێشبینی دەکرێت لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، فڕۆکەی کارەبایی ڕۆڵێکی بەرچاو لە گواستنەوەی ئاسمانیدا ببینێت. ئێستا لە شاری شنزن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ گەیاندنی خۆراک وەک دیلیڤەری بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانە. هاووڵاتییەک گوتی، "داواکردنی خواردن لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بژاردەی زیاترمان پێدەدات، چونکە دوکانەکانی ناو پارکەکان بەرهەمیان سنووردارە."
پارێزگای گوانگدۆنگ لە چین وەک ناوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناسراوە و مەزەندە دەکرێت %70ی بازاڕی جیهانیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بازرگانی لە ئەستۆ بگرێت. حکوومەتی خۆجێیی گوانژۆش لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ڕایگەیاند، پلانی هەیە بۆ پەرەپێدانی گواستنەوەی ئاسمانی لە مەودای کەمدا، کار بۆ دروستکردنی خزمەتگوزاریی فڕین و وێستگەی زیاتر بکات.