ئەمریکا و عێراق ڕێککەوتن
01:19 - 30/10/2025
زەمەن _ هەواڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: بە دڵخۆشی و شانازییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی پارێزگای نەینەوا دەکەین، سەبارەت بە کردنەوەی بنکەیەکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم پۆستیدا کە لە عێراق بڵاویکردەوە، رایگەیاند، بە دڵخۆشی و شانازییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی پارێزگای نەینەوا دەکەین بە بۆنەی واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مێژوویی نێوان ئەمریکا و عێراق سەبارەت بە کردنەوەی بنکەی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە شاری موسڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای باشترکردنی هاوبەشییەکانی نێوان هەردوو وڵات نراوە، ناوی موسڵ لە لیستی ناوی شارە پێشەنگەکان بەرزدەکاتەوە، نەخشەی داهاتوویەکی پێشکەوتوو بۆ نەوەکانی دەکێشێت.