پۆست هەڵبژاردن؛ هەولێر بەرامبەر بەغدا
11/25/2025 2:57:00 PM
سلێمان عەبدوڵا یونس
هەڵبژاردن کۆتاییهات، ئێستا ساتی گەڕانەوەیە بۆ لۆجیک و کاتی مشورخواردنە بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن و فۆکەسکردنە سەر هێنانەدی بەشێک لەو چاوەڕوانییە هەنوکەیی و گرنگ و گەورانەی کە گەلی باشوری کوردستان لە نوێنەرەکانی بەغدادی هەیە.
لێرەدا گرنگە پارتی و یەکێتی بەزویی هەست بەوەبکەن کە ئێستا وێستگەی دوای هەڵبژاردنەو لەجیاتی ئەوەی خۆیان سەرقاڵ بکەن بە هەڵدانەوەی گۆڕی سەرکردە مێژوییەکانیان، باشترە بەیەکەوە مشوری هەڵدانەوەی لاپەڕەی دەسکەوتی نوێ بخۆن و لەگەڵ لایەنە براوەکانی تری کوردستان و عێراقدا شەڕی بنیاتنانی هاوپەیمانێتیەکی بەهێز بکەن لە پێناو هەرێمی کوردستاندا.
لەم پێناوەشدا پێویستە پارتی و یەکێتی بە هاوتای قەبارەو ژمارەی کورسی و هەژمونی سیاسی و ئابوری و سەربازیی و پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیان بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە لەئەستۆبگرن، بەتایبەتیش بۆ پارتی زۆر گرنگە سود لە ئەزمونە نێگەتیڤەکانی ڕابردوی ململانێکانی بەغدادی لەگەڵ یەکێتی وەربگرێت و قۆڵی بەرژەوەندیە کوردستانیەکانی لێهەڵماڵێت و چیتر نەکەوێتە دوای پرسی دابەشکاری پۆستەکانەوە.
لە ئەزمونی بیست ساڵی ڕابردودا دەرکەوت کە تیمی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا (سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکان و هتد..) بەبێ بونی سەپۆرت و پاڵپشتی و ئەجێندایەکی نیشتمانی هاوبەش، ئاستەمە بتوانن ڕۆڵی کاریگەر و باڵا لەئاستی چاوەڕوانیەکاندا وەکو نوێنەرانی کورد لەو پێگە فیدراڵیانەدا بۆ هەرێمی کوردستان بگێڕن. بۆئەوەی پۆستەکانی کورد لە بەغدا بەڕاستی بەهێزو کاراو و کاریگەربن، پێویستە ئەو پێگانە تەنیا لەسەربنەمای شایستەیی و لێوەشاوەیەوە پڕبکرێنەوە و نەکرێن بە یەک پاکێجی دانوستان و وابەستەنەکرێن بە دابەشکردنی پشک و پۆستەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەزمونی زیاتر لە دو دەیەی رابردو کە دەرکەوت قورسە پارتی بەتەنیا بەبێ هاوکاری و پشتیوانی یەکێتی بتوانێت بەبێ تەنگوچەڵەمە سەرۆکایەتی هەرێمەکە بکات و بەهەمان شێوە بۆ یەکێتیش ئاسان نەبێت بەبێ بونی پارتی وەکو هاوبەش و هاوپەیمان سەرکردایەتیەکی بەهێز و چالاک و کاریگەر بکات لەبەغداد.
کەواتە دوای ئەزمونی 35 ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی هەرێمی باشور و زیاتر لە 20 ساڵی سەرۆکایەتیکردنی عێراق بەشێوازی دابەشکاری دوانەیی حزبی، ژیرانە دەبێت ئەگەر پارتی و یەکێتی بیر لە مۆدێلێکی ئەلتارناتیڤی حوکمڕانی و نوێنەرایەتی لەسەر بنەمای شایستەیی و لێوەشاوەیی بکەنەوە. مۆدێلێک کە بتوانێت هەم کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای شایستەیی دور لەدابەشکاری و قۆرخکاری دابمەزرێنێت و رێگەخۆشکەریش بێت بۆ ئەوەی هەرێمی فیدڕاڵی دەستوری و یاسایی باشوری کوردستان کە لەئێستادا بەزۆر پێوەر و لەزۆر روەوە لە قۆناغی پاشەکشە و پاشکۆبوندایە، بۆ کیانێکی بەهێزتر و لەخەمڕەخساوتر لە ڕوی سیاسی و دەستوریەوە بگوازێتەوە و ڕێگە بگرێت لەوەی گەلێکی قوربانیدەری خاوەن خەون و خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی ئازادی و سەربەخۆیی ببێتە میللەتێکی زویرو بێزار و توڕە و تۆراو لە کوردایەتی و زەبون و ملکەچ و بارمتەی دەستی موچەیەکی بەسیاسیکراوی مەمرەومەژی!