گۆران دیبەگەیی پەرلەمانتاری نەوەی نـوێ: زۆر عەیبە بۆ ئەوانەی دەڵێن پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ بۆ پارە خۆیان دەفرۆشن
03:10 - 23/11/2025
زەمەن – هەواڵ
پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: نەوەی نوێ حزبێکی مەرکەزییە و تەنها فەرمان لە سەرۆک شاسوار وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، گۆران دیبەگەیی پەرلەمانتاری نەوەی نـوێ دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کڕینی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، وتی: ئێمە خۆفرۆش نین.
ئاماژەی بەوەشدا، تەنها فەرمان لە سەرۆک شاسوار وەردەگرن و هەر بڕیارێک بدات وشە بە وشە پێوەی پابەندین.
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ زیاتر وتی: مـل بۆ فشار و هێز و پارەی دەسەڵات نادەین و نەوەی نوێ پۆست و پلەی لا گرنگ نییە و تەنها چارەسەری کێشەکانی خەڵک بۆ ئێمە گرنگە.
باسی لەوەشکرد، بەشداری نەوەی نوێ لە حکومەت پەیوەندی بە فراکسیۆنی نەوەی نوێوە نییە و ١٥پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ زۆر یەکگرتوون و کەس جیا نابێتەوە.