سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق، شایستەیەکی نیشتمانی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەی کورد
11/20/2025 1:11:00 PM
سەردار هەرکی
لە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی لە ساڵی ٢٠٠٥، نەریتێکی پتەوی چەسپاو لە ژیانی سیاسی عێراقدا سەریهەڵداو کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکاندا، سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کورد، سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننە، سەرۆکایەتی وەزیران (حکومەت) بۆ عەرەبی شیعە. هەرچەندە ئەم دابەشکردنە لە دەستووردا دیاری نەکراوە، بەڵام بووەتە نەریتێکی سیاسی کە ئامانجی دڵنیاکردنەوەی هاوبەشەکان و چەسپاندنی پرەنسیپی فرەیی لە سیستەمێکدا کە لە مێژە بەدەست پەراوێز خستن و قۆرخکارییەوە دەناڵێنێت.
بەڵام پێگەی سەرۆک کۆمار لە عێراق پێگەیەکی پرۆتۆکۆڵی نییە، وەک هەندێک وێنای بۆ دەکەن. ئەو پێگەیە کە نوێنەرایەتی سەروەری دەوڵەت دەکات و پاسەوان و زامنی سەرەکی دەستوورە. لە ڕێگەیەوە شەرعیەت بۆ پێکهێنانی حکومەت و واژۆکردنی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت. بۆیە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی پۆستە پڕ دەکاتەوە نابێت تەنها شایستەیەکی سیاسی بێت، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانی بێت کە پێویستی بە بەرزترین پلەی حیکمەت و ئەزمون و هاوسەنگی هەیە. کورد نموونەیەکی جێی دەستخۆشی بوو کاتێک خواێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی وەک یەکەم سەرۆکی کۆمار لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەڵبژارد ، بە هەیبەتەوە نوێنەرایەتی عێراقی کرد و بە متمانەوە قسەی بۆ جیهان کرد و لە سەختترین کاتەکاندا کوتلە جیاوازەکانی یەکخست. ئەو نیشانیدا کە هاوبەشی ڕاستەقینە تەنها لە هاوبەشکردنی پۆستەکاندا نییە، بەڵکو لە بەرزکردنەوەیاندایە بۆ خزمەتکردنی ناسنامەی سەرتاسەری عێراق، نەک ناسنامەی سیاسەتمەداران یان حزبەکان.
لێرەوە گرنگە کورد هەمیشە هەوڵدا بۆ کاندیدکردنی باشترین و قبوڵکراوترین و لێهاتووترین کەسایەتی، نەک تەنها بۆ پاراستنی پێگەی سیاسی خۆیان بەڵکو بۆ پاراستنی شکۆی خودی دەوڵەتی عێراق . هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی نەگونجاو، لاواز، یان مشتومڕاوی نەک هەر زیان بە عێراق دەگەیەنێت بەڵکو ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر خودی کوردیش دروست دەکات، پرسیار لەسەر توانای بەڕێوەبردنی ئەم بەرپرسیارێتییە دروست دەکات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەرگا بەڕووی داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئەم نەریتە سیاسییە دەکاتەوە کە بۆ ماوەی دوو دەیە هاوسەنگیە هەستیارەکانی پاراستووە.
سەرۆکایەتی کۆمار، بەم مانایە، تەنیا کورسییەک نییە کە لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا بخولێتەوە؛ بەرجەستەکردنی هاوبەشییەکی سیاسییە کە لە خوێن و قوربانیدان دروستکراوە. ئەرکی کوردە- وەک هەموو پێکهاتەکانی دیکەی عێراق- ئەم پێگەیە وەک بەردی بناغەی سەقامگیری سیاسی بپارێزێت، نەک و کارتی گفتوگۆ یان وەک دەرفەتێک بۆ پاکتاوکردنی حساباتی نێوان لایەنەکان.
ئایندەی کورد لە عێراقدا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە توانای بەڕێوەبردنی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییە گەورەکانەوە بە شێوەیەک کە پێگەی ئەوان وەک هاوبەشێکی جەوهەری و حەتمی بەهێزتر دەکات. پاراستنی پۆستی سەرۆکایەتی كەمار تەنها فۆرماڵیزمێک نییە، بەڵکو کۆڵەکەیەکە لە کۆڵەکەکانی سیاسییان و ڕۆڵی مێژوویی ئەوان لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا. کورد تا زیاتر کەسایەتییەکی بەهێز و کارا وکاریگەر و پەسەندکراوی نیشتمانی بۆ ئەم پێگەیە بخاتەڕوو، ئەوەندە متمانەی هاوبەشەکانی پێیان زیاتر دەبێت، پێگەی بەهێزتر دەبێت و مافە دەستوورییەکانی زیاتێ دەچەسپێنرێن. بەپێچەوانەوە هەر نەرم و نیانییەک لەم هەڵبژاردنەدا، یان کاندیدکردنی کەسایەتییە لاوازەکان یان مشتومڕاویەکان، دەرگا دەکاتەوە بۆ پرسیارکردن لە شایستەیی کورد بۆ ئەم پێگەیە و هەڕەشەی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا دەکات. بۆیە پاراستنی ئایندەی کورد لە گرنگیدانێکی زۆرەوە دەست پێدەکات بۆ هەڵبژاردنی کەسێک کە بە باشترین شێوە نوێنەرایەتیان بکات و بەرگری لە پێگەی خۆی بکات و پێگەی خۆی بپارێزێت لە دەوڵەتێکدا کە ئاواتەخوازی هاوبەشییەکی سەقامگیر و دادپەروەر و بەردەوام بێت.