داهاتی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە نزیکەی دوو ملیار دینار بووە
09:23 - 01/11/2025
زەمەن پرێس:
ئاماری سێ ڕۆژی
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە ئاشکراکرا و داهاتەکەی گەیشتووەتە نزیکەی دوو
ملیار دینار، هاوکات فێستیڤاڵەکە زیاتر لە ٤١٩ هەزار گەشتیاری بەخۆیەوە بینیوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە
کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و گەشتوگوزار،
ئاماری فرۆشتن و ژمارەی سەردانی گەشتیارانیان بۆ یازدەمین فێستیڤاڵی هەنار و
پاییزی هەڵەبجە ڕاگەیاند.
بەپێی وتەى بەرپرسانی
پارێزگاکە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەی فێستیڤاڵەکەدا بایی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دینار
بەرهەمی کشتوکاڵی و خواردن فرۆشراوە، کە ئەمەش وایکردووە داهاتەکەی نزیک بێتەوە لە
دوو ملیار دینار.
ستار مەحمود،
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە
ئەم داهاتە کۆی فرۆشتنی خواردن و پێداویستی و هەموو جۆرە بەربومەکانی ناو
فێستیڤاڵەکەیە.
لە کۆنگرە
ڕۆژنامەوانییەکەدا، چیا قاسم بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند کە
ژمارەی سەردانیکەران و گەشتیارانی فێستیڤاڵەکە گەیشتووەتە ٤١٩ هەزار و ٧٠٠ گەشتیار
و سەردانیکەر کە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکەشیان کردووە.