288 کوردستان

بەپەلە.. بارزانی لەبارەی كابینەی داهاتوی بەغدا پێوەری خۆی ئاشكراكرد

03:11 - 26/10/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 مەسعود بارزانی ڕایگەیاند: پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداری هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد و ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەولێر ئامادە بوو، باس لە بارودۆخی سیاسیی و گۆڕانگاری و پێشهات و ئاڵنگارییەکان لە عێراق و ناوچەکە کرا.

هەر لەو دیدارەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و درێژەدان و بەردەوامی پێشخستنی ئەم رێککەوتنە بە گرنگ زانرا.

بارەگای بارزانی ئەوەشی باسکردووە، کە لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجام و هەنگاوەکانی دوای ئەم پڕۆسەیە و لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا.

هاوکات ئاماژە بوەشدراوە، بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسیدا، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداری هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن