كاندیدێك كوژرا
09:03 - 15/10/2025
زەمەن - هەواڵ
كاندیدێكی پەرلەمانی
عێراق لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری لە باکووری بەغدا کوژرا.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ
چوارشەممە، سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و كاندیدی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی
لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، کاندیدی ژمارە 26 بوو لەسەر لیستی
هاوپەیمانیی سەروەری، کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانی عیراقە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی
دەکات.
رووداوەکە لە
سنووری کەرخی شاری بەغدا روویداوە. پۆلیس، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە
و بڕیارە کەمێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەوبارەیەوە راگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە.
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
دەڵێت: كردنە ئامانجی سەفا مەشهەدانی، كردەوەیەكی تیرۆرستی بووەو پەرلەمانی عێراق
لیژنەیەكی تایبەت لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو رووداوە پێكدەهێنێت.
سەرۆكی
پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: سەفا مەشهەدانی، کوڕی دڵسۆزی دەسەڵاتی
دادوەری و کاندیدی ناو هاوپەیمانییەکەمان، هاوپەیمانی سیادە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە
ئەنجامی كردنە ئامانجی لەڕێی بۆمبێكی چێنراو لەگەڵ دوو هاوەڵی تری شەهید بوو.
مەشهەدانی
كردەوەكە بە تیرۆریستی ناودەبات و داوا لە حکومەت و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان
دەکات رێوشوێنی لێکۆڵینەوەی پێویست بگرنەبەرو لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ بەدواداچوون بۆ
ئەو تاوانە قێزەونەو دەستنیشانکردنی تاوانباران و دادگاییکردنیان بۆ ئەوەی سزای خۆیان
وەربگرن.
سەرۆكی پەرلەمانی
عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت بۆ
لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجی ئەو رووداوە تیرۆریستییە، کە کەسایەتییەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی
کردە ئامانج و هەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون روبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.
ئەوە یەکەم
کوژرانی كاندیدە لە کاتی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا.