رۆشنبیر و دەسەڵات !
10/29/2025 8:32:00 PM
هەڤاڵ کوێستانی
پەیوەندی نێوان دەسەڵات و رۆشنبیر، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرە رەهەندە.
رۆشنبیر ئەرکێکی فیکری و ئەخلاقی بەرامبەر بەکۆمەڵگە و ئەرکێکی رەخنەییشی بەرامبەر
بە دەسەڵات لە ئەستۆدایە.. ئەمەش وادەکات خۆی بە بەرپرسیار بزانێ بەرانبەر بە
خەڵک، نەک بەرانبەر بە دەسەڵات.ئەرکی رۆشنبیر گواستنەوەی هوشیاری و مەعریفەیە بۆ
خەڵک ؛ رەخنەگرتنە لەهەر کارێکی دەسەڵات کە بە زیانی خەڵک بشکێتەوە ..رۆشنبیر کار
لەسەر گۆڕانکاری دەکا بەو ئاڕاستەیەدا کە لەخزمەتی خەڵک دابێ، لە کاتێک دا خەمی
دەسەڵات پارێزگاریکردنە لەوەی لەژێر دەستیدایە و بەگژداچوونەوەی هەر هەوڵێکە بۆ گۆڕانکاری
..لێرەدا بەریەککەوتن لە نێوان ئەرکی رۆشنبیر و ئەرکی دەسەڵات دروست دەبێ؛ هەر ئەم
بەریەککەوتنەشە رۆشنبیرانی بەرەی خەڵک (رۆشنبیری سەربەخۆ)لە رۆشنبیرانی بەرەی
دەسەڵات(رۆشنبیری وابەستە) جیا دەکاتەوە :
ـــ رۆشنبیری سەربەخۆ، ئەو رۆشنبیرەی کە ویژدان و زانیاری، فیکر و
هەڵوێست لە خۆیدا بەرجەستە دەکا.. لەڕێی
رۆشنبیرییەکەیەوە ، بەشداری لە بنیاتنانی دید و بۆچوون و تێگەیشتن و هەڵوێستی
جەماوەردا دەکا ..رۆشنبیرییەکەی خۆی دەکاتە چەکی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەم و
نادادی..لەهەر کوێیەک هەڵە و کەموکوڕی و لادانی دیت، دێتە دەنگ و وەبەر نەشتەری
رەخنەی دەدا ؛ هەر هەموو خەڵکیش بێ دەنگ بێ ئەو دەنگی خۆی هەڵدەبڕێ و هەمیشە
لەبەرەی لاوازەکاندایە نەک هێزدارەکان ...رۆشنبیری سەربەخۆ، خۆی دەکاتە پردی
گەیشتن بە خەڵک نەک پەیژەی سەرەکەوتن بەرەو دەسکەوت و قازانج. رۆشنبیری ئازاد و
سەربەخۆ، دژایەتی دەسەڵات ناکات ،بەڵکو رەخنە لە هەڵە و کەموکورتییەکان دەگرێ..هەر
بۆیەش دەسەڵات هەموو هەوڵێک دەدا بۆ بێدەنگ کردن و پەراوێزخستن و تێکشکاندنیان،
هەرچەندە دەسەڵات ئەوەش دەزانێ کە رۆشنبیر دژی دەسەڵات نیە بەڵکو رەخنەی لێدەگرێ.
ـــ رۆشنبیری وابەستە، ئەو رۆشنبیرەی ، توانا رۆشنبیرییەکانی خۆی بۆ
خزمەتکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی خۆی بەکاردەهێنێ، ئەرکی رەخنەگرانەی خۆی بۆ
پیاهەڵدانی دەسەڵات و پاساو هێنانەوە بۆ کار و کردەوە و کەموکوڕیەکانی دەسەڵات
وەردەگێڕێ ، ئیدی لێرەوە لە ویژدانی گەلەوە بۆ خزمەتکاری دەسەڵات دەگۆڕێ..
دیارە دەسەڵات رۆشنبیری جۆری دووەمی دەوێ ، کە زیاتر لە کادر یان
میدیاکاری حیزبی دەچێ تا رۆشنبیر؛ هەموو هەوڵێکیش دەدا بۆ بەرهمهێنانی ئەو جۆرە لە
رۆشنبیر، جا بە بەخشینی پلەوپۆست و ئیمتیازات بێ یان بەهەر رێگەیەکی دیکە.
ئەو جۆرە لە رۆشنبیر، لەوێ نین بۆ ئەوەی ئەرکە رۆشنبیرییەکانی خۆیان
بەجێبگەیەنن .. لەوێ نین بۆ رەخنەگرتن ، لەوێن بۆ پیاهەڵدان و پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییەکان..
لەوێ نین بۆ بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵک ، لەوێن بۆ مسۆگەرکردنی
دەسکەوت و ئیمتیازات و بەرگریکردن لە دەسەڵات و پێوەلکاوەکانیان..لەوێ نین بۆ
گەیاندنی پەیامی رۆشنبیریی خۆیان، لەوێن بۆ گەیاندنی پەیامی دەسەڵات.. لەوێ نین بۆ
دەرخستنی ناشیرینیەکان، لەوێن بۆ جوان نیشاندانی ناشیرینیەکان.. ئەو رۆڵەی ئەو
توخمە لە رۆشنبیر دەیبینن، لە رۆڵی کرێگرتەیی زیاتر هیچی تر نیە ، جا لە دەزگایەکی
حیزبیدا کار بکەن یان لە ژێر هەرپەردە و ناونیشانێکی دیکەدا.. زۆرێک لەو دامودەزگا
رۆشنبیرییانەیش کە وەک سەربەخۆ خۆیان نمایشدەکەن و کۆمەکی سیاسی و پاڵپشتی دارایی
دەسەڵاتیان هەیە,هەر هەمان ئەو رۆڵی کرێگرتییە دەبینن. لە پاڵ ئەم دوو توێژەش لە
رۆشنبیر، ژمارەیەکی زۆر هەن کە بێدەنگی هەڵدەبژرێن و لەسەر هیچ شتێک بەدەنگ نایەن،
نە وەک رۆشنبیرانی ئازد و سەربەخۆ رەخنە دەگرن و نە وەک رۆشنبیرانی وابەستەش
سەڵاوات لەدیداری دەسەڵات لێدەدەن، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین هەموو بێدەنگیەک
بەرانبەر بە زوڵم و ستەمی دەسەڵات، دواجار ، بەشێوەیەک لەشێوەکان بە قازانجی
دەسەڵات دەشکێتەوە..
لە رۆژگاری ئیمڕۆدا .. دەسەڵات هەموو هەوڵێک دەدا بۆ پەراوێزخستنی
رۆشنبیرانی ئازاد و سەربەخۆ ، لەبەرانبەریشدا رۆشنبیرانی وابەستە دەکاتە دابەستە ،
جا بە پێدانی پلە و پۆست بێ یان بە هەڵڕشتنی پارە و ئیمتیازات ..هەموو ئەمەش بۆ لاوازکردنی رۆڵی رۆشنبیریە لە ناو کۆمەڵگەدا، بە
ئەندازەیەکی وا کە چیدی رۆشنبیری ئامرازی گۆڕانکاری نەمێنێ ..حەتمەن ئەمەش
کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر لاوازبوونی جووڵانەوەی جەماوەریی بەجێدەهێڵێ و خزمەتێکی
زۆریش بەدەسەڵات دەکات.. بۆیە رۆشنبیری راستەقینە دەبێ لە وتن و دەرخستنی
راستییەکان بێدەنگ نەبێ، جا با ئەو راستی وتنە پێچەوانەی ویست و بیرورای دەسەڵات و
رای گشتی و تەنانەت ئەو لایەنەش بێ کە خۆی یەکێکە لێیان.