ئایا یەكگرتوو و نەوەی نوێ رێككەوتنیان كردووە؟
03:46 - 28/10/2025
زەمەن _ هەواڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ نەوەی نوێ و هیچ لایەنێکی سیاسی دیکە هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاند: "بۆ هەڵبژاردن رێککەوتنیان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە و لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنمان کردووە.
وتیشی: لە پارێزگای کەرکووک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لیست و بەربژێری نییە، بەڵام کادیرێکی حیزبەکە لەناو لیستی جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی بەربژێر کردووە و هیچ رێککەوتنێمان لەگەڵ نەوەی نوێ نییە".
بە گوتەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تاوەکو ئێستا حیزبەکەی دوو سکاڵای لەسەر دڕاندنی پۆستەر و فلێسەکانی لە دهۆک تۆمار کردووە و ئامادەکاری بۆ تۆمارکردنی سکاڵای دیکەش دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە بڕیارە رۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت، کە ٣٢٠ـیان گشتین و ٩ کورسییان کۆتان.