13 کوردستان

دەم پارتی: دەبێت دەوڵەت هەنگاوی سیاسی و یاسایی بنێت

08:10 - 27/10/2025

زەمەن پرێس
هاوسەرۆكانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)  ڕایانگەیاند، قۆناغی دوەمی پرۆسی ئاشتی لە توركیا بریتیە لە هەنگاوی سیاسی و یاسایی، هەربۆیە داوا لە دەوڵەت دەكەین بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبهێنێت، دەشڵێن، ئەو هەنگاوانەی كە گیراوەتەبەر دەرفەتێکە بۆ دیموکراسی کردنی توركیا.
تونجەر باقرخان و تولای حاتیمئۆغلاری هاوسەرۆكانی دەم پارتی رایانگەیاند: دوێنێ پێشهاتێکی مێژوویی ڕوویدا، بێگومان لەناکاو نەگەیشتینە ئەم قۆناغە، وڵاتەکەمان شایەتحاڵی هەنگاوێکی زۆر مانادار بوو، پەكەكە بەم هەنگاوە بە هەمو جیهانی ڕاگەیاند کە پابەندە بە چارەسەر و ئاشتی. ئەم بڕیارە دەرگایەکی نوێ دەکاتەوە و هەنگاوێک بەرەو چارەسەر و ئاشتی دروست دەکات.
باسی لەوەشكرد: ئەم بڕیارە بەرجەستەترین دەربڕینی ئیرادەی بەدواداچونی ئاشتییە و هەنگاوێکە، باوەڕێکی ئەبەدییە بە چارەسەرێکی دیموکراسی و سیاسی. بانگەوازێکی بەهێزە بۆ سەردەمێکی نوێ، ڕۆحێکی نوێ. بڕیارەکەی دوێنێ تەنها هەنگاوێک نییە بەرەو کشانەوە، بەڵکو هەنگاوێکی بەهێزە بەرەو ئایندەیەکی دیموکراسی.
ئاماژەى بەوەشکردوە، ئیتر کاتێک نییە بۆ دوبارەکردنەوەی ئازارەکانی ڕابردوو، بەڵکو کاتێکە بۆ دروستکردنی هیوا بۆ داهاتوو، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە ئێمە چیرۆکی خۆمان بنوسین. ئێمە دەچینە قۆناغێکی ترەوە، زۆر گرینگتر و ژیانی دیكە، واتە کاتێک هەنگاوی یاسایی و سیاسی دەنرێت و کاتی ئەوە هاتوە ئاشتی کۆمەڵایەتی تێپەڕێت، ئەم قۆناغە سەختە بەڵام بە هەمان شێوە مانادارە”.
هەروەها تولای حاتیمئۆغلاری لەمیانەی كۆنگرەكەدا ڕایگەیاند، ئەم ساتەوەختە ڕێکەوت نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ئیرادەیەکی بەهێزە کە دەیان ساڵە بەردەوامە و ئێستا دەچینە قۆناغێکی نوێ و ئەرکی ئێستامان ئەوەیە کە بە وردی و قوڵی ئەم زەمینەیە بکۆڵینەوە و پێکەوە تورکیایەکی دیموکراسی بنیات بنێین.
وتیشی: بێگومان دامەزراندنی کۆمار شتێکی زۆر گرنگ و بەنرخە، بەڵام کۆمار دیموکراسی نەبوو، بۆیە کێشەی دیموکراتیزەکردنی تورکیای چارەسەر نەکرد، سەد ساڵە توشی کێشەی گەورە بوین، ئەم وڵاتە توانای ئەوەی نەماوە سەد ساڵی تر ئازار بچێژێت و لە ناعەدالەتیدا بژی و ئەو هەنگاوە مێژوییانەی لە یەک ساڵدا گیراونەتەبەر، دەرفەتی گەورەمان بۆ دەڕەخسێنن کە لە سەدەی دوەمدا کۆمار بە دیموکراسی بکەین.
جەختیشیکردەوە بنیاتنانی ئاشتی بە تێگەیشتن لە یەکگرتنی دیموکراسی کلیلی کردنەوەی دەرگای کۆمارێکی دیموکراسییە، ئەم پرۆسەیە تەنها سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گۆڕانی کلتوری و کۆمەڵایەتییە. پێویستە لەگەڵ گۆڕینی هۆشیاری و کۆمەڵگا پێکەوە ئاشتی و دیموکراتیزەکردن بنیات بنێین. نابێت کەس هەست بە دەرەوەی ئەم پرۆسەیە بکات.
ناوبراو داواشی کرد، بانگەوازی ئێمە بۆ دەوڵەت و حکومەتە؛ لەگەڵ قۆناغی نوێی پرۆسەکەدا زۆر گرنگە هەنگاوی سیاسی و یاسایی دەستبەجێ بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەکە بنرێت و جارێکی دیکە دوپاتی دەکەینەوە؛ کۆمەڵگا چاوەڕوانی لە وڵات و پەرلەمان هەیە. دەبێت ئێستا دەنگی کۆمەڵگا ببیسترێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن