ئێمە و ئەوان و هەڵبژاردن (1)
10/24/2025 11:11:00 AM
لەتیف نێروەیی
وادەی سیاسی و بەڵێنی هەڵبژاردن، ئەگەر لەلای هەندێک هێزی سیاسی وەکو تەکتیک، تەنها بریتی بێت لە فۆڕمێك بۆ راكێشان و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران و رای گشتی، ئەوا بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵێنەكانی هەڵبژاردن ستراتیژ و نەخشەڕێگای پراكتیزەکردن و بەكرداریكردنی ئەو بەڵێنانەیە كە بە خەڵك دەدرێت، هەر ئەوەشە نهێنیی سەرکەوتنی یەكێتی و سەرۆكە بەهێزەكەی کە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن رێژەی کورسی و دەنگەکانی زیاد دەکات و هەر لە لووتكەی متمانەی جەماوەردا دەمێننەوە و بەرەو لووتکەیەکی بەرزتر و گەیشتن بە ئامانجێکی گرنگتر هەنگاو دەنێت .
بۆ حزبی سیاسی بەڵێندان گرنگە و بەشێكی سەرەكییە لە ستراتیژی دوورمەودای ئەو لایەنە بۆ بە جێگەیاندن و دیاریكردنی ئەركەكان و گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان، بەڵام واقیعیەت لە جۆر و شێوەی بەڵێنەكان و توانای جێبەجێكردنیان گرنگترە، چونكە ناكرێت هێزێكی سیاسی خۆی بە دروشمی قەبە و ناواقیعی ئەركدار بكات كە جێبەجێكردنیان نزیك دەبێتەوە لە مەحاڵ، بەڵكو رێگای راست هەر ئەوەیە كە سروشتی ئەو بەڵێنانە لەگەڵ سەنگی حزبەكە و ئەزموون و توخمەكانی دیكەی هێز، یەكبگرێتەوە، بە كورتی و كوردی دەبێت لە توانایدا بێت جێبەجێیان بكات.
لە هەرێمی کوردستان حزب هەبووە کە بە بەڵێنگەلێک و بە دروشمی سەرنجراکێش، توانیویەتی لە هەڵبژاردنێکدا دەنگێکی زۆر بەدەست بێنێت، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەکان کاتێ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بوونەتە مەحاڵ، هەر زوو قەڵای متمانەی جەماوەر بەو لایەنە بەتەواوەتی داڕوخاوە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەڵبژاردنەشدا هەمان ئەزموون بۆ هەندێک هێز دووبارە ببێتەوە.
یەكێتی، چونکە هێزێکی نیشتمانی و بەرپرسیارە، بۆیە هەمیشە بەهزر و دیدێکی بەرپرسیارانەوە بەڵێن و دروشمەکانی خۆی خستۆتە بەردەم دەنگدەران و رای گشتی و لەدوای هەڵبژاردنیش یەکسەر هەوڵی جێبەجێکردنی داوە .
لەسەر ئەو شەنگستە و بنەمایە، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان یەکێتی و حزبەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بکەین، لەسەر ئەوەی لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عیراقدا کامە لایەن توانیویەتی زۆرترین بەڵێن لە بەغداد و ناوچە دابرێنراوەکان جێبەجێ بکات؟ بەدڵنیاییەوە ئەم پرسیارە ئاراستەی هەرکەسێک بکرێت دەزانێت کە یەکێتی نەک هەر لەپێش لایەنەکانی دیکەوەیە، بەڵکو تاکە لایەنە لەم بانگەشەیەدا راشکاوانە لەبەردەم جەماوەرەکەی خۆی، بەداتا و ژمارەوە باس لەو دەستکەوتانە دەکات کە لە ناوچە دابڕێنراوەکان و بەغداد بەدەستیهێناون و بەشێک بوون لەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنی پێشوو بە جەماوەری دابوو.
حزبەکانی دیکە نەک باس لە روڵ و دەستکەوتەکانی خۆیان لە بەغداد و ناوچە دابرێنراوەکان ناکەن، بەڵکو پشت دەکەنە بەغداد و بەناچاری باس لە هەرێمی کوردستان دەکەن و جەماوەر بەوەوە سەرقاڵ دەکەن وەک ئەوەی ئەم بانگەشەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان بێت نەک پەرلەمانی عیراق!
لەم سۆنگەیەوە هەوڵ دەدەین رۆژانە لە گۆشەیەكدا دوانەی یەكێتی و بەڵێنەكان بخەینە بەردەم شیكاری و راڤەكارییەكی زانستی و رۆژ بە رۆژیش بە شێوەیەکی بابەتیانە و بەپشتبەستن بەداتا و ژمارەکان، لە چەندین بواردا دەیسەلمێنین كە یەكێتی جیاوازە لە حزبەکانی دیکە و جددییە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە جەماوەری دەدات.