14 کوردستان

بارزانی: پێویستە هەمووان لە گەلی کوردەوە فێری ئاشتی ببن

12:12 - 28/10/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 بارزانی ڕایگەیاند: داوا لە پەرلەمانی وڵاتانی جیهان دەکەم جینۆسایدی کوردستان بە فەرمی بناسێنن، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش قەرەبووی ئەو خەڵکە بکاتەوە، چونکە تاوانەکان هێندە مەزنن کە مەزەندە ناکرێن.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکدا لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد، لە شاری دهۆک ڕایگەیاند، "ڕاستە زۆر کەسانی ئازیز و خۆشەویستمان لەدەستدان، ئەوان بە سەربەرزی چوونە دیداری خوای خۆیان و پلەی شەهیدییان بەدەستهێنا، بەڵام ئەوانەی تاوانی لە دژیان ئەنجام دان، بە ڕوو ڕەشی و شەرمەزای چوونە دیداری خوای گەورە." 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم جینۆسایدی کورد لە فەیلییەکانەوە دەستیپێکرد و تەواوی پرۆسەکە بە پیلان و بەرنامە ئەنجامدرا.

بارزانی دەشڵێت:  "لەو ڕۆژەوەی خوای گەورە دەسەڵاتی بە گەلی کورد داوە، نەچووە تۆڵەی خۆی بکاتەوە؛ بە تایبەت لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دوو فەیلەقی سوپای عێراق کەوتنە ژێر دەستی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە، ئەو کات یەک سەربازی عێراقیش، نەکوژرا و ئیهانە نەکرا، ئەوان، هەر ئەو سەربازانە بوون کە زیاتر لە ٤٥٠٠ گوندی ئێمەیان وێران کردن و ئەنفال و چەندان تاوانی دیکەیان لە دژی گەلی کورد ئەنجام داوە."

دووپاتیشی کردەوە کە، "مەزنی گەلی کورد لەوەدایە دەسەڵاتی هەبوو بەڵام تۆڵەی نەکردەوە". 

سەرۆکی پارتی وتیشی: "جیهان قەدری ئاشتەوایی کورد نازانێت، پێویستە هەمووان لە گەلی کوردەوە فێری ئاشتی ببن و ئەوەی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، پێویستە گەرەنتی ئەوە بدرێت، تاوانەکانی سەدەی ڕابردوو لە دژی گەلی کورد دووبارە نەکرێنەوە و ناکرێت کەسانی بێتاوان بکوژرێن لەبەر ئەوەی تەنیا کوردن."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن