81 کوردستان

لەم مانگەوە بەشە خۆراکی 300 هەزار خێزانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت

10:53 - 24/10/2025

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

بەهۆی تۆمار نەکردنی ناوەکانیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک، 300 هەزار خێزان بێ بەش دەبن لە وەرگرتنی بەشە خۆراکی ئەم مانگە و بەشە خۆراکەکەیان دەبڕدرێت لە لایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە. بڕیارە لە داهاتوودا قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە دەستپێبکات بۆ نوێکردنەوەی تۆمارەکە و تۆمارکردنی ئەو کەسانەی لە قۆناغی یەکەمدا بێبەش بوون لە پرۆسەکە.

ئاراس محەمەد بەڕێوبەری پسولەی خۆراک لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی سلێمانی بە "سبەی" راگەیاند: لە ماوەی کارابوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک، بەشێک لە هاونیشتمانیان خۆیان لە سیستەمەکەدا تۆمار نەکردوە، بەهۆیەوە بەشە خۆراکی ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان دەبڕدرێت.

ووتیشی: "لەگەڵ کارابونی سیستەمەکە و قۆناغی دوەمی خۆ تۆمارکردن هەر خێزانێک لە قۆناغی یەکەمدا خۆی تۆمار نەکردبێت، دەتوانێت خۆی تۆمار بکات و دووبارە ناوی لە سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک مانگانە تۆماربکرێتەوە و دووبارە بەشە خۆراکی مانگانە وەربگرێتەوە.

سەبارەت بە کارابونی سیستمەکەش، ئاراس محەمەد رایگەیاند: تا ئیستا دیارنییە قۆناغی دوەمی سیستمەکە  کەی دەکرێتەوە، هەرکاتێک لە عێراق دەستیپێکردەوە، لە هەرێمی کوردستانیش دەکرێتەوە و ئەو هاونیشتمانیانەی لە قۆناغی یەکەمدا خۆیان تۆمار نەکردوە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.

رۆژی (3ـی حوزەیرانی 2025) وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە فەرمی قۆناغی یەکەمی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، ماوەی دوو مانگ بە هاوڵاتیان درا لە رێگەی مۆبایلەوە خۆیان لە سیستمەکە تۆمار بکەن.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی پسوڵەی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند، لە قۆناغی دوەمی سیستەمی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک دەبێتە پارە و بۆ تۆمارکردن و نوێکردنەوەی هەر کەسێک 10 هەزاردینار وەردەگیرێت. دوای ئەو پڕۆسەیەش بەشەخۆراکی ئەو هاوڵاتیانە دەبڕدرێت ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا ئەو تۆمارە پڕنەکەنەوە.

لەوبارەیەوە، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق مانگی رابردوو رایگەیاند: دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم، قۆناغی دووەم کە پڕۆسەی لابردنی هەڵپەساردن (بلۆک کردن) و سڕینەوە و زیادکردن بۆ کۆبۆنی ئەلیکترۆنی بەشێوەی ئەزموونی لە چەند پارێزگایەک کراوەتەوە، ئامادەکاریی تەواو کراوە و لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق کارا دەکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی داتای کۆبۆنی خۆراکی ئەلیکترۆنییان نوێکردووەتەوە گەیشتووەتە 37 ملیۆن کەس.

  لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێژەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی لە قۆناغی یەکەمدا گەیشتووەتە 85%، هەولێر 87%، سلێمانی 86%، دهۆک 82%، هەڵەبجە 89%، کۆی ئەو کەسانەی داتاکانیان لە هەرێم نوێکردوەتەوە زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاونیشتیمانییە.

 بەهۆی تۆمارنەکردنی داتاکانیان لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک، دوو ملیۆن و 750 هەزار کەس بە هۆکاری جیاواز بەشە خۆراکەکانیان راگیراون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن