كەشی بانگەشە لە سلێمانی چۆنە؟
05:16 - 23/10/2025
زەمەن _ سلێمانی
بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێڕاق، ئامانج عەزیز كەریم، ئاماژەی بەوە کرد کە بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت.
بانگەشەی هەڵبژاردن لە سلێمانی بە ئارامی بەڕێوەدەچێت و، سەدا ٩٠ی دەنگدەران کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە.
ئامانج عەزیز، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و پابەندبوونی پارتە سیاسییەکان و بەربژێرەکانی بە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بە بەرز لە قەڵەمدا.
گوتیشی: "هەر لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، سەرجەم پارتە سیاسییەکان و بەرنژێرەکان بەڕێژەیەکی بەرز پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوون بەوەی کە بەشێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ بانگەشەکانیان ئەنجام بدەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق".
ئامانج عەزیز باسی لەوە کرد کە لەسەرەتای دەستپێکی بانگەشەوە هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و، پابەندکردنی گشت لایەک بە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن و، ڕایگەیاند: "بەر لە دەستپێکردنی بانگەشە، ئێمە کۆبوونەوەیەکمان هەبووە لەگەڵ سەرجەم نوێنەری پارتە سیاسییەکان ئەوانەی بەشدارن لەم هەڵبژاردنەدا، بۆ ئەوەی بە هەموومان ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و ڕێوشوێنانەی کە تایبەتن بە بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و پابەندبوونی پارتە سیاسییەکان بە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن دابڕێژین و ئاگادارمان کردوونەتەوە و کۆپیەک لە ڕێنماییەکانمان پێداون، بۆیە دەتوانم بڵێم تاکە هەڵبژاردنە کە بانگەشەیەکی ئارام و لەسەرخۆ تێیدا بەڕێوەبچێت".
هەروەها ئامانج عەزیز تیشکی خستە سەر ئەو لیژنانەی کە چاودێری بانگەشەی پارتە سیاسییەکان و بەربژێرەکان دەکەن و، هەر سەرپێچییەک ڕووبدات، ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر و، ڕایگەیاند: "ئێمە لیژنەی چاودێریمان هەیە کە بەردەوام چاودێری بانگەشەی پارتە سیاسییەکان و بەربژێرەکان دەکات، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بێت و هەرپارتێکی سیاسی و بەربژێرێک سەرپێچی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بکات، ئەوا چاودێریی دەکرێت و بەدڵنیاییەوە سزای بەدواوەیە".
سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن، بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێڕاق جەختی لەوە کردەوە کە هەڵگرتنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان مەرجە بۆ دەنگدان و، ڕایگەیاند: "وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، پێویست دەکات لەسەر دەنگدەر هەڵگری کارتی بایۆمەتری دەنگدان بێت، بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا، لە مانگی شوباتەوە تا مانگی حوزەیران پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرمان بەڕێوەبرد تا هاووڵاتیان و دەنگدەران بچن پڕۆسەی بایۆمەتری ئەنجام بدەن. لە ئێستادا کارتی بایۆمەترییەکانیان گەڕاوەتەوە، لە ڕێگەی ٧٩ ناوەندی تۆمارکردنەوە کارتەکان دابەش دەکرێنەوە، چونکە دەنگدەر تەنیا دەتوانێت لە ڕێگەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانەوە پڕۆسەی دەنگدانەکە ئەنجام بدات".
ئامانج عەزیز باسی لەوەشکرد کە لە ئێستادا لە ڕێگەی ناوەندەکانیانەوە کارتەکانی بایۆمەتری بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکەن و، پێشوازییەکی زۆر باش لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەیە و، گوتی: "پێشوازییەکی زۆر باش هەیە لەلایەن هاووڵاتیان و دەنگدەرانەوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان و، لە سەدا ٩٠ی هاووڵاتیان کارتی بایۆمەترییەکانیان وەرگرتووەتەوە و، دەتوانن لە ڕۆژی دەنگداندا بەشداری لە پڕۆسەی دەنگداندا بکەن".
بەپێی ئامارەکان لە پارێزگای سلێمانی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانی هەیە، وەک بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بۆ دەکات لەم ژمارەیە سەرووی ملیۆنێک و ٩١ هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە و، پڕۆسەی پێدانەوەی کارتەکانیش بەردەوامە.