14 کوردستان

بارزانی: ئازاری نانبڕینی خەڵکی کوردستان کەمتر نەبووە لە ئەنفال و کیمیاباران

07:32 - 20/10/2025

زەمەن پرێس:
سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان رایدەگەیەنێت، لای من و لە لای هەموو کوردێکی دڵسۆز و ئەوەی کەمێک ویژدانیشی هەبێت، ئازاری نانبڕینی خەڵکی کوردستان کەمتر نەبووە لە ئەنفال و کیمیاباران.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران، رۆژنامەنووسان، ئەدیب و هونەرمەندان و وەرزشوانانی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا، بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و جەختی لەسەر رەوشی ئێستا و بابەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردەوە، رایگەیاند، "هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە و گەل دەبێ خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و بە ئازادانە نوێنەرانی خۆی هەڵبژێرێت".
بارزانی ئاماژەى بەوەشکردوە، بە نیسبەت ئێمە، هەڵبژاردن مەسەلەیەکی مەبدەئییە و بڕوامان پێیەتی. لە کاتی راپەڕین لە 1991 داوام کرد هەڵبژاردن بکرێت، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین.
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو دەستوورە ئەوە نییە هەموو تموحی ئێمەی تێدا بێت، بەڵام دەستوورێکی باشە و دووپاتی کردەوە، ئەگەر ئەم دەستوورە جێبەجێ کرابا، زۆرێک لەو کێشانە روویان نەدەدا، بەڵام بەداخەوە، هێشتا فەرهەنگی حکومەتی مەرکەزی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە لە بەغدا و کەمتر لە دەستوور قبوڵ ناکەین
سەرۆکی پارتى ئاماژەی بە بابەتی بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند، لای من و لە لای هەموو کوردێکی دڵسۆز و ئەوەی کەمێک ویژدانیشی هەبێت، ئازاری نانبڕینی خەڵکی کوردستان کەمتر نەبووە لە ئەنفال و کیمیاباران

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن