14 کوردستان

دامەزراوەی پەی: 94%ی ئەو بەڵێنانەی حزبەکان داویانە بە خەڵک جێبەجێ نەکراوە

06:17 - 20/10/2025

زەمەن پرێس:
دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان له‌ راپۆرتێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ هه‌ردو خولی پێنجه‌م و شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، پارته‌ سیاسییه‌كان زۆرینه‌ی به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنیان جێبه‌جێ نه‌كردون. ده‌شڵێت، دامەزراوەی 94%ی ئەو بەڵێنانەی حزبەکان داویانە بە خەڵک جێبەجێ نەکراوە.

 دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، راپۆرتێكی له‌باره‌ی به‌ڵێنه‌كانی حزبه‌كان له‌ هه‌ردو خولی پێنجه‌م و شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا بڵاوكرده‌وه‌.
دامه‌زراوه‌ی په‌ی دەڵێت: ھیچکام لە لیسته‌كان تێنەگەیشتون لە کاری پەرلەمان و کاری حکومەت چونکە زۆربەیان بەڵینەکانیان بۆ پەرلەمان، کاری حکومەت بوو، زۆربەی لیستەکان قورسایی خۆیان نازانن و خوێندنەوەیەکی واقیعیانەیان نییە بۆ ژمارەی کورسییەکانیان، چونکە بەڵێنی قەبە دەدەن بە دەنگدارانیان بەتایبەتی لیستەکانی ئۆپۆسزیۆن.
ئاماژەى بەوەشکردوە، زۆربەی لیستەکان کۆمەڵێک بەڵێنی جێگیریان ھەیە کە بەکاریدەھێنن بۆ ھەموو ھەڵبژاردنەکان کە دووبارەیە و دەچێتە قاڵبی دروشمەوە .
دامەزراوەکە روونیکردوەتەوه‌ خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستاندا، پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتداری یەکەم بوون کەمترین لەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرانی خۆیاندابوو جێبەجێیان کردون، بەجۆرێک کە پارتی کە لە کارنامەکەیدا (٦٢) بەڵێنی بە دەنگدەرانی دابوو، تەنھا (١٤) دانەی لێ جێبەجێ کردوون و یەکێتیش لە (١٨١) بەڵێنی کە دابووی تەنھا (١٤) دانەی لێ جێبەجێ کردوون.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ زۆربه‌ی به‌ڵێنه‌كانی هه‌ردو خوله‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون و لە کارنامەی ھەڵبژاردن بۆ بانگەشەی خولی شەشەم سەرجەم حیزبەکان زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی لە خولی پێنجەمدا دابویان دوبارەیان کردونته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ لە بەڵێنەکانی ھەر شەش لایەنی سیاسی (پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتو) بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە کۆی (٥٨٧) بەڵێن کە بە دەنگدەرانیان داوە (٥٣١) بەڵێنیان دوبارەن کە لە خولی پێنجەمیش دابویان و کاریان لەسەر نەکردبوو و بەجێیان نەھێنابوون.
رێكخراوه‌كه‌ وتوشیه‌تی"دوای تێپەڕ بوونی ساڵێک بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و نزیکەی (١١) مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی سوێندخواردنی ئەندامان، ئەوەی لە دۆخی پەرلەماندا گۆڕانی بەسەردا ھاتبێت تەنھا ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانتارانە موچەیان بۆ بەستراوە ئیمتیازیان بۆ دابین کراوە."
ئه‌وه‌شی خستووەته‌ڕوو"پەرلەمانتاران لەسەروبەندی کاندیدبوونیان لە بانگەشەکاندا زۆرترین بەڵێنیان بە ھاوڵاتیانی دەنگدەردا، ھەر لە سەروەرکردنی یاساوە تا چاک کردنی موچە و تەوتین و گوزەرانیان و ...ھتد، بەڵام دوای سوێندخواردنیان بێدەنگیان ھەڵبژاردووە، جگە لە وەرگرتنی ئیمتیازاتەکانیان ھەڵوێستێکیان نەنواندووە کاریگەری ئەرێنی ھەبێت لەسەر گۆڕینی ڕەوشەکە، جگە لە چەند ئەندامێک نەبێت کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات ئەوانیش لە ڕاگەیاندنەکانەوە قسەیان کردووەو لە ڕووی یاساییەوە کارەکانیان ھیچ شوێنێکی نەگرتووە، تەنانەت بەشێکیان لێدوانەکانی بەرلە ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیان پێچەوانەی یەکترن!"
حه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "ئۆباڵی ئەو ڕەوشە ناھەمموارە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی ھەردوو ھێزی سەرەکی پارتی و یەکێتی."
وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌"ئەو ھێزانەی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون، یەک ھەڵوێست نین و دابەش بوونە، ھەر بۆیەش ھیچ کاریگەرییەکیان بەسەر گۆڕانکارییەکانەوە نەبووە، نەیانتوانی بە ئەدای کاری ئۆپۆزیسیۆنیی خۆیان ھەڵسن، لە بۆشایی ھەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا، حکومەتی کاربەڕێکەر دڕێژەی ھەیە، دوور لە چاوی دەسەڵاتێکی چاودێر، بەردەوامیش دەبێت لەسەر کارە نایاساییەکانی، ئەم رەوشە ناھەمموار و پێشێلکارییە یاساییانەش ھەموو ئەو لیستانە لێی بەرپرسیارن کە لەسەرو بەندی ھەڵبژاردنەکاندا بانگەشەی سەروەری یاسایان دەکرد.
هه‌روه‌ها له‌ راسپارده‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ دۆخه‌كه‌دا هاتوه‌"لەم بارودۆخەدا ھیچ دەرەتانێک نەماوە، تاکە رێگە بۆ خەڵکی کوردستان تا دەربازبێت لەم زەلکاوە پڕ لەقەیرانەدا، تەنھا و تەنھا ھۆشیار بوونەوەو دەستکردنە بە:  فشاری مەدەنی، فشاری مەدەنی، فشاری مەدەنی.

کلیک لێرە بکە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن