13 کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: خەونی هەڵەبجەییەکانمان هێنایەدی و خزمەتی زیاتریان دەکەین

05:52 - 20/10/2025

زەمەن - هەواڵ

بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵەبجە کەرنەڤاڵی کاندیدانی یەکێتی بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکی کەرنەڤاڵەکەدا سەرۆکی یەکێتی وتارێکی پیشکەش کرد و رایگەیاند: بە ماندووبونی سەرۆککۆمار خەونەکانی هەڵەبجەییەکان هاتەدی، بەڵام هێشتا وەک پێویست خزمەت نەکراون و پێویستە حکومەت گرنگی زیاتر بە شارەکە بدات.

ئەمڕۆ 20ی 10ی 2025 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرنەڤاڵی کاندیدانی یەکێتی لە هەڵەبجە رایگەیاند: خەونی هەڵەبجەییەکان بە هەوڵ و ماندوبوونی سەرۆککۆمار هاتەدی، بەڵام هیشتا شارەکە پێویستی بە خزمەتی زیاترە و دەبێت حکومەت گرنگی زیاتر بە هەڵەبجە بدات، هەروەها  هێشتا ماڵە شەهیدەکان و کەم ئەندام و بریندارەکانی هەڵەبجە وەک پێویست خزمەت نەکراون. لە بەغداد پارەیەکی زۆر هەیە و دەبێت هەوڵبدرێت و ئەو پارەیە بۆ هەڵەبجە خەرج بکرێت، هەروەها دەتواندرێت هەڵەبجە بکرێتە سەنتەری کشتوکاڵ و گەشتیاری لە عیراق.


لە وتارەکەیدا سەرۆکی یەکێتی بە هەڵەبجەییەکانی راگەیاند: یەکێتی حزبی خۆتانە، هیچ حزبێک وەک یەکێتی نەیوێراوە بێتە پێشەوە، کێ وەک یەکێتی گەنج و ژنی تێدایە، جیلەکەی پێشووتر دەخەینە سەر سەرمان، ئەم ناوچەیە پڕە لە پیاوی ئاینی و تێکۆشەر و بەڵێن دەدەم کە ئەمنییەتتان بپارێزین و کەرامەتتان بپارێزین و تا یەکێتی زیاتر بەهێز بێت زیاتر دەتوانین خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان بکەین.

ئاماژەی بەوەشدا: هەڵەبجەییەکان دەزانن کە کێ حزبی تێکۆشەرانە و ئێمە مافتان وەردەگرین و ئێمە بەرگریتان لێدەکەین و ئێمە هێزی تۆین لە بەغداد، بەم رۆحیەتە یەکێتی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوات و هەڵبژاردن بەڕێوەیە و سندووقەکان بۆ خۆتان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و تێکۆشەرەکان سەوز بکەن.

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی یەکێتی باسیلەوەشکرد: چوار ساڵ بەر لە ئێستا وتم ئەگەر بەسەر جەستەی مندا غازی کوردستان ببرێتە دەرەوە و بەڵێنەکەی خۆشم بردە سەر، هەر ئەو دووربینیەی یەکێتی بوو کە وایکرد ئێستا خەڵکی کوردستان کارەبای 24 سەعاتییان هەبێت، بۆیە بڕۆن سندووقەکان سەوز بکەن و تەنها بۆ پێشەوە تەنها بۆ پێشەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن