48 کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: یەك ملیۆن دەنگ دەهێنین

04:24 - 19/10/2025

زەمەن _ هەواڵ

 

 نێچیرڤان بارزانی، ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە ئەمجارە پارتی خاوەنی یەک ملیۆن دەنگە و داوای لەلایەنگرانی حزبەکەی کرد، دەنگەکانی پارتی بگەیەننە یەک ملیۆن دەنگ.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ، لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە پارچە هۆنراوەیەك وتی: پارتی بە ئێوە بەهێز و سەنگە، بۆ ئەمجارەیان یەك ملیۆن دەنگە.

ڕاشیگەیاند، “ئێمە وا فێرکراوین کوردستانیبوون رێبازمانە و پێکەوەژیانیش پەیامی ئێمەیە، ئێوە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن، هەم لە هەڵبژاردندا هەم لە پارتایەتیدا، دڵسۆزی ئامادەبوونتان دیار و بەرچاوە و مایەی سەرفرازی و مایەی دڵخۆشی هەموومانە”.

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، قوتابخانەی زۆر لە سەرکردەکانی ئەمڕۆی کوردستانن؛ ئێوە بە پارتایەتی و کاری دڵسۆزانە بۆ گەل و نیشتمان، ڕێگەتان دروست و بە دڵنیاییەوە ئایندەی ئێوەش گەشە، ئایندەی پارتیش بە دڵسۆزی و پشتیوانی ئێوە گەشە.

وتیشی: “پارتی بۆ داهاتووی خۆی چاوی لەم گەنجانەیە کە داینەمۆی ڕێشەیی بەڕێوەبردنی هەر حزبێکن، هەربۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە هەموو هەڵبژاردنەکان و هەموو ئەو قۆناغانەی دێنە پێش بە گڕوتینێکی زیاتر لە جاران پارتەکەی خۆیان سەربخەن و دڵی دۆستان شاد و دڵی ناحەزانیش بێئومێد بکەن”.

دووپاتیشی كردەوە، منیش لە ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانەوە دەستم پێکرد و گەیشتنیە ئێرە، دڵنیام ئێوەی ڕێکخراوەکان بەهێز دەبن، ئێوە هێزی تایبەت و نوێی پارتین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن