52 کوردستان

هەڵبژاردن.. شەڕی ژمارەکان لە سەرانسەری ١٨ پارێزگای عێراق دا

06:52 - 11/10/2025


زەمەن - بەدواداچون

لە کاتێکدا عێراق خۆی بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئامادە دەکات، ھەموو چاوەکان لەسەر ئەو ژمارانەن کە دەتوانن داھاتووی عێڕاق دابڕێژنەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە نیگەرانییەکان لەبارەی ڕێژەی بەشدارییکردن بڕەوێنەوە کە لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو سەرچاوەی گرتووە و بۆ نزمترین ئاست دابەزی کە سەدا ٤١ بوو.

بڕیارە ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و تێیدا حەوت هەزار و ٧٦٨ بەربژێر لە ١٨ پارێزگای عێڕاق کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکەن.

لە ھەڵبژاردنەکەدا ١٤٦ ھاوپەیمانی و پارت و کەسایەتی سەربەخۆ کێبرکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی کە ٨٣یان کۆتای ژنانن.

دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکاندا

ئەو ٣٢٩ کورسییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراون بە جۆرێک، بەغدا ٧١ کورسی، نەینەوا ٣٤ کورسی، بەسڕە ٢٥ کورسی، زیقار ١٩ کورسی، سلێمانی ١٨ کورسی، بابل ١٧ کورسی، هەولێر ١٦ کورسی، ئەنبار ١٥ کورسی، دیالە ١٤ کورسی، کەرکووک ١٣ کورسی ، سەڵاحەدین ١٢ کورسی، نەجەف ١٢ کورسی، دهۆک ١٢ کورسی، واست ١٢ کورسی، کەربەلا ١١ کورسی، دیوانییە ١١ کورسی، میسان ١٠ کورسی، موسەننا ٧ کورسی هەیە.

کۆتاکان

لە کۆی ئەو کورسییانەی بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە، ٩ کورسی بۆ کۆتاکان تەرخانکراوە بەم شێوەیە، لە پارێزگای بەغدا ٢ کورسی بۆ مەسیحی و سابئی، پارێزگای نەینەوا ٣ کورسی بۆ مەسیحی، ئێزدی و شەبەک، پارێزگای واست ١ کورسی بۆ کوردی فەیلی، پارێزگای کەرکووک ١ کورسی بۆ مەسیحی، پارێزگای ھەولێر ١ کورسی بۆ مەسیحی، پارێزگای دھۆک ١ کورسی بۆ مەسیحی.

بە گشتی لە عێڕاق ٢١ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩١ دەنگدەری تۆمارکراو هەیە کە بریتیین لە ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ دەنگدەری گشتی، یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزار و ٩٨٠ دەنگدەری تایبەت و ٢٦ هەزار و ٥٣٨ دەنگدەریش بریتیین لە ئاوارەکان.

لە هەرێمی کوردستان ٣٠٣ بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٤٦ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق دەکەن، هاوکات سێ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٣٥٠ دەنگدەری تۆمارکراویش هەن کە دابەشبوونە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

هەرێمی کوردستان بەپێی سنووری جوگرافیای پارێزگاکان، بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشبووە کە بریتیین لە بازنەی هەولێر، بازنەی سلێمانی و بازنەی دهۆک و تێیدا سێ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٣٥٠ دەنگدەری تۆمارکراو هەیە کە دەنگ بە ٣٠٣ بەربژێر دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ٤٦ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە کۆی ٣٢٩ کورسی دا.

بازنەی هەولێر

بازنەی هەولێر کە تەواوی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و خاوەنی ١٦ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقە و تێیدا ١٠٨ بەربژێر و، یەک ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٨٤٦ دەنگدەری تۆمارکراویی هەیە.

لەم پارێزگایەدا ٩ حزب و شەش کەسی سەربەخۆ بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن بە جۆرێک، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٠ بەربژێر، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٣٠ بەربژێر، ڕەوتی هەڵوێست ١٢ بەربژێر، نەوەی نوێ ٨ بەربژێر، بەرەی تورکمان ٥ بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی ٥ بەربژێر، بەرەی گەل ٤ بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی ٤ بەربژێر و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٤ بەربژێری هەیە، هاوکات لەو ١٠٨ بەربژێرە، ٧١ پیاو و ٣٧ ئافرەتن.

بازنەی سلێمانی

پارێزگای سلێمانی کە هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش دەگرێتەوە، خاوەنی ١٨ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقە، ١٣٦ بەربژێر و یەک ملیۆن و ٢٠١ هەزار و ٦٥٨ دەنگدەری تۆمارکراویی هەیە.

لەم پارێزگایەدا ٩ حزب و چوار کەسی سەربەخۆ بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن بە جۆرێک، پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٦ بەربژێر و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٣٦ بەربژێر، ڕەوتی هەڵوێست ١٦ بەربژێر، نەوەی نوێ ١٢ بەربژێر، بەرەی گەل ١١ بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی ٨ بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی ٥ بەربژێر، بەرەی تورکمانیی ٤ بەربژێر و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٤ بەربژێری هەیە. هاوکات لەو ١٣٦ بەربژێرە، ٩٩ پیاو و ٣٧ ئافرەتن.

بازنەی دهۆک

پارێزگای دهۆک کە خاوەنی ١٢ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاقە، ٥٩ بەربژێر و ٧٧٨ هەزار و ٨٤٦ دەنگدەری تۆمارکراویی هەیە.

لەم پارێزگاکەدا، ٨ حزب و ٥ بەربژێری سەربەخۆ بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن، بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٢ بەربژێر، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٥ بەربژێر، نەوەی نوێ ٥ بەربژێر، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ٥ بەربژێر، بەرەی گەل ٥ بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی ٤ بەربژێر و کۆمەڵی دادگەریی ٤ بەربژێری هەیە. لەو ٥٩ بەربژێرە ٣٩ پیاو و ٢٠ئافرەتن.

بەربژێرە دووبارەکان

بۆ ئەم خوولەی هەڵبژاردن، ژمارەیەک بەربژێر پێشتر پەرلەمانتاری عێڕاق یان هەرێمی کوردستان بوونە و جارێکی دیکە بەربژێرکراونەتەوە کە نزیکەی ٤٥ پەرلەمانتاردەبن و زۆرترینشیان لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ١٣ کەس و دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١١ کەسی بۆ جاری دووەم بەربژێر کردووە.

هەروەها بۆ جاری دووەم هەریەک لە، نەوەی نوێ ٦ کەس و، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٦ کەس و کۆمەڵی دادگەریی ٣ کەس و ڕەوتی هەڵوێست ٢ کەسی دیکەی بەربژێر کردووە.

دیارترین بەربژێرە دووبارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بریتیین لە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ڕێبوار هادی، شوان کەلاری، مەحما خەلیل، فەرهاد ئەتروشی، ڤیان دەخیل، ئەشواق جاف، نەجیبە نەجیب، شێروان دووبەردانی، خالیدە خەلیل و ئیخڵاس دلێمی.

هەروەها دیارترین بەربژێرە دووبارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بریتیین لە، هەرێم کەمال ئاغا، ڕێبوار تەها، دیلان غەفوور، نەرمین مەعرووف، غەریب ئەحمەد، بڕیار ڕەشید و سامان فەوزی.

هاوکات بەربژێرە دووبارەکانی نەوەی نوێ بریتیین لە، سروە عەبدولواحید، کاوە عەبدولقادر، ڕێبوار ئەوەڕەحمان، ئومێد محەمەد، موژدە مەحموود و ئاریان تاوەگۆزی.

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش هەریەک لە جەمال کۆچەر، ئوسامە جەمیل، موسەننا ئەمین، عومەر کۆچەر، شێرکۆ جەودەت و دارا سێکانیانیی بۆ جاری دووەم بەربژێر کردووە.

هەروەها ڕەوتی هەڵوێست هەریەک لە عەلی حەمە ساڵح، غالب محەمەد و بەدەل بەرواریی بۆ جارێکی دیکە بەربژێر کردووە، هاوکات کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش لە کۆی سێ پەرلەمانتار، دوو پەرلەمانتاری جارێکی دیکە بەربژێر کردووە کە بریتیین لە ئەحمەد حاجی ڕەشید و محەمەد حەکیم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن