پلەبەرزکردنەوەی؛ یەکەی 80 پارتی پەسەند کراوە، یەکەی 70ی یەکێتی چاوەڕوانیدایە
12:14 - 15/09/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
سێ لیستی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی دیوان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چوار لیستی ئەفسەرانی یەکەی ٨٠ پەسەند کراون، بەڵام چوار لیستی یەکەی ٧٠ تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لیستەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی دیوان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەیلولی ٢٠٢٣، نەورۆزی ٢٠٢٤ و ئەیلولی ٢٠٢٤، لەگەڵ لیستەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی یەکەی ٨٠ بۆ ئەیلولی ٢٠٢٢، نەورۆزی ٢٠٢٣، ئەیلولی ٢٠٢٣ و نەورۆزی ٢٠٢٤، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەسەند کراون و فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرچووە، ئەم فەرمانانە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە گەڕێندراونەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن''، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کارکردنی بە فەرمانە هەرێمییەکان راگرتووە و ناوی ئەفسەرانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەگەڕاندووەتەوە، ئەمەش وای کردووە، کە دەست بە رێکارە کارگێڕی و سەربازییەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانە نەکرێت کە شایستەن. سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەفسەرانە بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە، کە داوای قەرەبووی ماف و شایستەکانی ماوەی رابردوو نەکەن بەهۆی بەرزکردنەوەی پلەکانیان.
لەبارەی ئەفسەرانی یەکەی ٧٠، ئەوەزانراوە، کە چوار لیستی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی یەکەی ٧٠ نێردراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران. چەند جارێکیش لیستەکان گەڕێندراونەتەوە یەکەی ٧٠ بۆ پێداچوونەوە. هەرچەندە بۆ دوایین جار لیستەکان بەو شێوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران داوایکردووە ئامادەکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرنەچووە و لیستی پلەبەرزکردنەوەیان پەسەند نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵانە لە هەردوو مانگی نەورۆز و ئەیلول، بەگوێرەی رێکارە کارگێڕییەکان، بەشێک لەو ئەفسەرانەی، کە چوار ساڵ و زیاتر بەسەر مانەوەیان لە هەمان پلە تێپەڕیوە، پلەکانیان بەرزدەکرێتەوە. پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران پێویستی بە فەرمانی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.